کۆنسووڵی ئێران: ئەم ساڵ زیارەتکاری زیاتر لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە دەچنە کەربەلا

05-06-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کۆنسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر رایگەیاند، ئامانج لە سەردانی پارێزگارە سنوورییەکانی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانە؛ دەڵێت، پێشبینی دەکەن ئەم ساڵ زیارەتکارێکی زیاتر لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە سەردانی عێراق بکەن.
 
رۆژی چوارشەممە، 05-06-2024 نەسڕوڵڵا رەشنوودی، کۆنسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی سەردانەکەی پارێزگارانی ورمێ، سنە و کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ''ئامانجەکەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان  و پارێزگا سنوورییەکانمان و کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.''
 
بڕیارە بەیانی بە ئامادەبوونی پارێزگارانی کرماشان، سنە، ورمێ، سلێمانی، هەڵەبجە، هەولێر و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران، گەرمیان و راپەڕین لە هەولێر، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لەگەڵ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بکرێت.
 
نەسڕوڵڵا رەشنوودی گوتی: ''کۆبوونەوەکە تاوەکو دوای نیوەڕۆ دەخایێنێت و تێیدا باس لە رێککەوتنەکانی پێشوو دەکرێت و ئەگەر کێشەیەکی نوێی بازرگانی، ئابووری و گەشتیاری لە دەروازە سنوورییەکان هەبێت، لەم سەردانەدا رێکارییان بۆ دەدۆزرێتەوە.''
 
زیارەتکارانی ئێرانی، دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بە دیاریکراویش باشماخ و حاجی ئۆمەران بۆ چوونە نێو عێراق و بەشداریکردن لە چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن بەکاردەهێنن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی رێگەکە بە "سەلامەتتر و نزیکتر" دەزانن.
 
کۆنسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە چلەی ئیمام حوسێن و هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی باشماخ و حاجی ئۆمەرانی هەرێمی کوردستان بۆ عێراق دەکرێت. 
 
نەسڕوڵڵا رەشنوودی گوتی: "ساڵی رابردوو ژمارەی زیارەتکاران بەراورد بە ساڵی پێشووتر 50% بەرزبووەوە، ئەمساڵیش پێشبینی دەکەین ژمارەی سەردانیکاران زیاتر بێت، هەوڵ دەدەین بە هاوکاریی هەرێمی کوردستان، رێڕەوێکی باش بۆ زیارەتکاران دابین بکەین.''
 
بەگوتەی کۆنسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر: ''لە دوو ساڵی رابردوودا پێشوازییەکی باش لەلایەن بەرپرسان و خەڵکی هەرێمی کوردستان لە زیارەتکارانمان کراوە و هیوادارین ئەم ساڵیش هەر بەم شێوەیە بێت.''
 
لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران حەوت دەروازەی سنووری هەن سێ فەرمی و چواریشیان نافەرمین؛ لەو دەروازانەوە ساڵانە چوار ملیار دۆلار ئاڵۆگۆڕی بازرگانی دەکرێ.
 
دەقی قسەکانی نەسڕوڵڵا رەشنوودی:
 
ئەمڕۆ ئاگاداری ئامادەبوونی پارێزگارانی کوردستان، ئازەربایجانی رۆژئاوا و کرماشان بووین لە هەرێمی کوردستان و شاری هەولێر، بە میوانداریی پارێزگاری بەڕێزی هەولێر و بەڕێز وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان [رێبەر ئەحمەد]. ئەمە دووەم کۆنفرانسی پارێزگارانی سنوورییە کە یەکەم کۆنفرانس ساڵی رابردوو لە ورمێ بەڕێوەچوو و ئەم ساڵ دووەم کۆنفرانس لە هەولێر بە ئامادەبوونی پارێزگارانی بەڕێز و شاندەکانی یاوەریان بەڕێوەدەچێت.
 
ئامانج لەم دانیشتن و کۆنفرانسە، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی سنووری و کۆماری ئیسلامی دەبێت و تێیدا تاوتوێی کێشەی دەروازە سنوورییەکان، بابەتە بازرگانی و ئابوورییەکان و رێککەوتننامەکانی پێشوو دەکرێت و رێکاری گونجاو بۆ [کێشە] بابەتە نوێیەکان دەدۆزرێتەوە.
 
بابەتێکی دیکە کە لەم کۆنفرانسەدا باس دەکرێت، مەسەلەی چلەی ئیمام حوسێن و هاتووچۆی زیارەتکاران لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە و بە دوو دەروازەی سنووریی تەمرچین- حاجی ئۆمەران و باشماخە لە پاریزگای کوردستان و ئەمەش بابەتێکی دیکەیە کە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت و لەوبارەوە پارێزگارانی بەڕێز دانیشتنیان دەبێت.
 
ئەم کۆنفرانسە تاوەکو سبەی دوانیوەڕۆ دەخایێنێت و پارێزگارانی سلێمانی، هەلەبجە و هەولێر تێیدا ئامادە دەبن و [سەرپەرشتیارانی] ئیدارەکانی سۆران، گەرمیان و راپەڕینیش بەشێکن لە  ئامادەبووانی کۆنفرانسەکە.
 
رووداو: ئایا لە کۆبوونەوەکەدا هیچ رێککەوتنێک واژۆ دەکرێت و ئامادەکاری بۆ هاتنی چەند زیارەتکار لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت؟
 
پرسیاری یەکەمی ئێوەم وەڵام دایەوە، پێشتر شیکردنەوەم بۆ کرد، لەم دانیشتنەدا هەم بەدواداچوون بۆ کێشانە دەکرێت کە ئەگەری هەیە رووبدەن، هەم رێککەوتنەکانی پێشوو کە هەن، هەروەها ئەگەر کێشەیەکی نوێ لە دەروازە سنوورییەکان لە بواری بازرگانی، ئابووری و گەشتیاری هەبێت، ئیشەڵڵا پارێزگارانی بەڕێز پێکەوە رێکارییان بۆ دەدۆزنەوە.
 
لەبارەی پرسیاری دووەمی ئێوە، بابەتی زیارەتکاران، ئێمە ساڵی رابردوو بەرزبوونەوەیەکی 50%ـیمان بەراورد بە ساڵی پێشووتر هەبوو، دوو ساڵ هاتووچۆی زیارەتکارانمان لە  هەرێمی کوردستانەوە هەبووە، ساڵی رابردوو رێژەکەیان 50% زیادی کرد، ئەم ساڵیش پێشبینی دەکەین کە دووبارە رێژەکە بەرزببێتەوە و هەوڵدەدەین ئینشائەڵڵا بە هەوڵ و میوانداریی هەرێمی کوردستان بتوانین رێڕەوێکی باش بۆ زیارەتکاران دابین بکەین، دەبێ بزانین لە دانیشتنەکاندا باس لە چی دەکرێت کە دواتر ئێوە دەتوانن لە زمانی پارێزگارانی بەڕێز لێدوان وەربگرن.
 
رووداو: ئێوە لە پێشوازیی هەرێمی کوردستان لە زیارەتکاران رازین؟
 
سوپاس بۆ خودا لە دوو ساڵی رابردوودا، پێشوازییەکی باش هەبوو و زۆر بە رێکوپێکی کرا، کە جێگەی دەستخۆشییە، هەم بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، هەم خەڵکی هەرێمی کوردستان بە باشی پێشوازییان لە زیارەتکاران کرد، هیوادارین ئەمساڵیش هەر بەوشێوەیە بێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دووکانێکی فرۆشتنی خۆراک.

ئەمساڵ یەک جار لەگەڵ بەشەخۆراکدا رۆنی شل دابەشکراوە؛ کەی دابەش دەکرێتەوە؟

ئەمساڵ تەنیا یەک بەشەخۆراکی 2025 دابەشکراوە و دابەشکردنی دووەم بەشەخۆراک دەستیپێکردووە. لە هەردوو بەشەکەشدا تەنیا یەکجار رۆنی شل دابەشکراوە. بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی دەڵێت، کارگەی رۆنەکە لەکارکەوتبوو و چاککراوەتەوە و برنجی بەشی دووەمیش لە رێگەدایە.