رووداو دیجیتاڵ
کۆب
شاندێکی بازرگانانی هیندستان بە مەبەستی پەرەپێدانی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانییان کرد، کۆنسوڵی هیندستان لە هەولێر دەڵێت، شاندەکە لە 22 کۆمپانیا پێکهاتووە.
چوارشەممە 05-06-2024، شاندێکی ژووری بازرگانیی هیندستان بە سەرپەرشتیی ساتۆش کۆمار، کۆنسوڵی گشتیی هیندستان بە وەکالەت، سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانییان کرد.
کۆمپانیاکان بریتین لە کۆمپانیای خۆراک و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، چا، قاوە، بەرهەمەکانی بۆن و جوانکاری، بەرهەمی گیایی، جلوبەرگ، چەرم، دەرمان، تەندروستی، کۆمپانیای ئامێرەکانی کشتوکاڵی و بیناسازی.
نەوزاد غەفوور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیسەسازیی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، شاندەکە بۆ دوو رۆژ لە سلێمانی دەمێننەوە و دواتر لەگەڵ کۆمپانیاکانی شارەکەش کۆدەبنەوە.
نەوزاد غەفوور گوتی: ''پەیوەندییەکی کۆن لە نێوان هەرێمی کوردستان و هیندستان لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەیە و بەگوێرەی ئەو بەرهەمانەی کە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان هەن، کاڵایەکی زۆر لەو وڵاتەوە هاوردە دەکرێن.''
بەگوتەی سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانی، تائێستا کاشی و سرامیک، مادەی خۆراکی و دەرمان لە هیندستانەوە هاوردە دەکرێن و لە هەرێمی کوردستانیشەوە قیری شل هەناردەی ئەو وڵاتە دەکرێت.
هاوکات سۆتاش کۆمار، کۆنسوڵی گشتیی هیندستان لە هەولێر، بە رۆژنامەڤانانی گوت: ''ئێمە هیوادارین بتوانین پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی خۆمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق بدەین.''
سۆتاش کۆمار ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو شاندەی سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، لە 22 کۆمپانیای جۆراجۆر پێکهاتوون و ئامانجیان لە سەردانەکە پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانییە.
دوێنێ سێشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە پراشانت پیسێ، باڵیۆزی هیندستان لە عێراق کرد و لە دیدارەکەدا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و هیندستان کردەوە.
بە گوێرەی راگەیێندراوی حکومەت، باڵیۆزی هیندستان ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، تەندروستی، خوێندن، وزە و تەکنەلۆژیا دەربڕیوە و ئاماژەی بەوەش کردووە، ''ئێستاش شاندێکی بازرگانی بۆ ئەم مەبەستە لە هەرێمی کوردستانن.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ