رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری ورمێ بە یاوەریی شاندێک سەردانی دەروازەی حاجی ئۆمەرانی کرد و لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کۆبووەوە. سەرپەرشتیاریی ئیدارەکە دەڵێت، سبەی پارێزگارەکانی ورمێ، سنە و کرماشان سەردانی هەولێر دەکەن و لەگەڵ وەزیری ناوخۆ کۆدەبنەوە.
رۆژی چوارشەممە 05-06-2024، محەممەدسادق موعتەمدیان، پارێزگاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە یاوەریی شاندێک گەیشتە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران و لەلایەن هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە پێشوازیان لێکرا و کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە، هەریەکە لە محەممەدسادق موعتەمدیان و هەڵگورد شێخ نەجیب لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا وردەکاریی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.
هەڵگورد شێخ نەجیب گوتی: ''پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین هەوراز و نشێوییان تێپەڕاندووە، بەڵام لە دانیشتنەکەدا باسمان لەوە کرد کە هەردوولامان پێویستیمان بە یەکدی هەیە".
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاماژەی بەوە کرد، بڕیارە ئەمڕۆ هەردوو پارێزگاری سنە و کرماشانیش سەردانی پارێزگای سلێمانی بکەن.
هەڵگورد شێخ نەجیب گوتیشی: ''بەیانی بە ئامادەبوونی ئەو پارێزگارانە، بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکانی رابردوو و زیاتر پەرەپێدان بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لەگەڵ بەڕێز [رێبەر ئەحمەد]، وەزیری ناوخۆ لە هەولێر دەکرێت".
محەممەدسادق موعتەمدیانیش گوتی، لە کۆبوونەوەکانی پێشووی نێوانیان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، رێککەوتنی باشیان لە بواری پەیوەندیی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری ئەنجام داوە و رایگەیاند: ''سوپاس بۆ خودا لێکدانەوە سەرەتاییەکان دەرخەری پێشکەوتنی گرێبەست و رێککەوتنەکانن''.
پارێزگاری ورمێ گوتیشی کە ''هیوادارین لە کۆبوونەوەی بەیانییدا لە هەولێر زەوینەی پەرەپێدانی هەمەلایەنە بە پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان بێتە ئاراوە و بەرژەوەندیی هەردوو لایەن و خەڵکی هەردوو وڵات لەبەرچاوبگیرێت.''
کردنەوەی دەروازەی سنووریی کێلەشین
بە گوتەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکەی هەولێر، تاوتوێکردن و پەرەپێدانی پەیوەندیی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێت، بەڵام بابەتی کردنەوەی دەروازەی کێلەشینیش لە سنووری قەزای سیدەکان دەخرێتەڕوو.
رۆژی 23-07-2023، پارێزگارانی هەولێر و ورمێ لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران واژۆی رێککەوتنێکی 20 خاڵییان کرد بۆ زیاتر و باشترکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کارئاسانی گەشتیارانی هەردوولا کە یەکێک لە خاڵەکان تایبەتە بە کردنەوەی دەروازەیەکی دیکەی سنووری لەنێوان دوو پارێزگاکە.
ئەو دەروازە سنوورییە دەکەوێتە سنووری قەزای سیدەکان. پارێزگاری ورمێ دەڵێت: ''رێککەوتنە سەرەتاییەکان بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووریی کێلەشین کراون، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران چاوەڕوانی جێبەجێکردنی هەندێک لە مەرجەکانە، وەک دانانی هێزی پاسەوانی سنووریی حکومەتی عێراق لە سنوورەکە و سیدەکان. بە جێبەجێکردنی ئەو خاڵەش ئامادەییمان هەیە لە دوو مانگی داهاتوودا دەروازەکە بکەینەوە.''
لە ماوەی کەمتر لە سێ ساڵدا ئەمە چوارەمین جارە پارێزگاری ورمێ سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات. محەممەدسادق موعتەمدیان لەوبارەوە گوتی: ''لەو ماوەیەدا ترانزێتکردنی کاڵا لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا (ورمێ)وە بۆ هەرێمی کوردستان زیاتر لە 250% زیادیکردووە".
پارێزگاری ورمێ ئاماژەی بەوەش کرد، لە دوو ساڵی رابردوودا هەناردەکردنی کاڵا بۆ هەرێمی کوردستان نزیکەی 40% بەرزبووەتەوە کە ''ئەمە دەرخەری سەرکەوتنی مامەڵەکردن و هاوکاریی دوولایەنەی نێوانمانە.''
محەممەسادق موعتەمدیان باسی لە ئەندامانی شاندەکەی کرد کە پێکهاتوون لە بەرپرسان و کەسایەتیی زۆربەی شارەکانی سەر بە پارێزگاکە و گوتی: ''ئەمە دەرخەری گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان دەگەیێنێت''.
زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن
زیارەتکارانی ئێران، دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بە دیاریکراویش باشماخ و حاجی ئۆمەران بۆ چوونە نێو عێراق و بەشداریکردن لە چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن هەڵدەبژێرن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی رێگەکە بە "سەلامەتتر و نزیکتر" دەزانن.
محەممەسادق موعتەمدیان باسی لەوە کرد، یەکێک لە بابەتە گرنگەکان کە لە کۆبوونەوەی بەیانیدا دەخرێتەڕوو، کردنەوەی دەروازەی سنووریی باشماخ و حاجی ئۆمەرانە بۆ هاتووچۆی زیارەتکارانی ئێرانی.
لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران حەوت دەروازەی سنووری هەن؛ سێ فەرمی و چواریشیان نافەرمین؛ لەو دەروازانەوە ساڵانە چوار ملیار دۆلار ئاڵۆگۆڕی بازرگانی دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ