رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان دەڵێت، گەڕانەوەی هاووڵاتییانی عەرەب بۆ شوێنەکانی خۆیان لە نێوەڕاست و خوارووی عێراق کاریگەریی لەسەر کرێی خانوو و شوقە نەبووە.
بەرهەم سەردار، سکرتێری کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی حوزەیرانی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەگوترێت بازرگانانی خانووبەرە کە هاووڵاتیی عەرەبن و بەشێکی دیکەی هاووڵاتییانی عەرەب گەڕاونەتەوە پارێزگاکانی خۆیان، بەڵام ئەوە کاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخی کرێی یەکەی نێشتەجێبوون نەبووە."
بەرهەم سەردار گوتیشی، نزیکەی 150 هەزار کرێنشین لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، دۆخی ژیانیان باش نییە و "هیچیان بۆ نەکراوە."
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، کە لەگەڵ 36 نووسینگەی کڕین و فرۆشتنی خانوو و شوقە کە سەر بە کۆمپانیای عەقاراتی باخی شەقڵاوەن کردوویەتی، ئێستا بازرگانیی "کۆ" بە شوقە لە هەرێمی کوردستان لەلایەن بازرگانانی عەرەبەوە "گەیشتووەتە سفر."
هەر بەگوێرەی بەدواداچوونەکەی رووداو، بەشێکی ئەو هاووڵاتیە عەرەبانەی لە هەرێمی کوردستان دەژین بەهۆی داخستنی بەشێک لە قوتابخانەکان و گواستنەوەی دەوامی فەرمانبەرەکانیان لە هەرێمی کوردستان، گەڕاونەتەوە بۆ پارێزکاکانی دیکەی عێراق.
بەگوێرەی ئەو ئامارەی لە دەستەی وەبەرهێنان بە رووداو دراوە، لە رێگەی وەبەرهێنانەوە لە ساڵی 2006ـەوە نزیکەی 214 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان دروستکراون کە زیاتر لە 105 هەزار شوقە، زیاتر لە 92 هەزار خانوو و نزیکەی 17 هەزار ڤێلا بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ