کوردستان
بەنداوی دهۆک کە بەهۆی زۆریی بارانبارین ئاستی ئاوەکەی زیادبووە و نزیکە لە سەرڕێژبوون. وێنە: نایف رەمەزان - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
ئەم ساڵ لە شارەکانی هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە بارانێکی باش باریوە و دوو هێندەی ساڵی رابردووە، بەڵام لە سلێمانی کەمتر لە پار باریوە. بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی دەڵێت، بارانبارینی ئەم ساڵ دەگاتە ئاستی تێكڕاکان و مەترسیی نییە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێكی ئەمڕۆ یەکشەممە 05-05-2024ـی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بارانبارین بەگوێرەی کات و سەنتەری پارێزگاکان بەمشێوەیە بووە:
- هەولێر: تاوەکو ئەمڕۆ 584.2 ملیمەتر باران باریوە، ساڵی رابردوو تاوەکو هەمان رێککەوت 251.9 ملیمەتر باریبوو، بەوپێیەش ئەم ساڵ 332.3 ملیمەتر باران زیاتر باریوە.
- سلێمانی: تاوەکو ئەمڕۆ 672.5 ملیمەتر باران باریوە، ساڵی رابردوو تاوەکو هەمان رێککەوت 732.8 ملیمەتر باریبوو، بەوپێیەش ئەم ساڵ 60.3 ملیمەتر بارانی کەمتر باریوە.
-دهۆک: تاوەکو ئەمڕۆ 823.3 ملیمەتر باران باریوە، ساڵی رابردوو تاوەکو هەمان رێککەوت 388.4 ملیمەتر باریبوو، بەوپێیەش ئەم ساڵ 434.9 ملیمەتر بارانی زیاتر باریوە.
- هەڵەبجە: تاوەکو ئەمڕۆ 811.6 ملیمەتر باران باریوە، ساڵی رابردوو تاوەکو هەمان رێککەوت 514.6 ملیمەتر باریبوو، بەوپێیەش ئەم ساڵ 297 ملیمەتر بارانی زیاتر باریوە.
- کەرکووک: تاوەکو ئەمڕۆ 346.4 ملیمەتر باران باریوە، ساڵی رابردوو تاوەکو هەمان رێککەوت 244.9 ملیمەتر باریبوو، بەوپێیەش ئەم ساڵ 101.5 ملیمەتر بارانی زیاتر باریوە.
ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تێكڕای وەرزێکی ئاسایی بۆ بارانبارین لە سلێمانی 675 ملیمەترە، ئەم ساڵ 672.5 باریوە و ئەمڕۆ و سبەی دەگاتە 675 ملیمەترەکە.
بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی گوتیشی، ئەو ئامارە تەنیا سنووری شاری سلێمانییە، ئەگەرنا، "لە دەوروبەری سلێمانی و لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و هەڵەبجەش بارانبارین ئاستی تێکڕایی تێپەڕاندووە."
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی لە بەیانی زوودا تاوەبارانی پچڕپچڕ و هەورە برووسکە لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکان دەبێت، دواتر شەپۆلەکە درێژ دەبێتەوە بۆ شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ