لە سەنتەری شاری هەولێر کاسبکارێک کوژرا

05-05-2024
پەیمان محەممەد
وێنەی کوژراوەکە
وێنەی کوژراوەکە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە سەنتەری شاری هەولێر، کەسێک بە دەستڕێژی گوللـە کوژرا، شایەتحاڵان دەڵێن، پێنج گوللەی بەرکەوتووە و بکوژ خۆی رادەستکردووە.
 
رۆژی یەکشەممە (05-05-2024) لە نزیک مێزی دەستفرۆشەکانی بازاڕی شار لە هەولێر، هاونیشتمانییەک بە ناوی ئیدریس ساڵح تەمەن 53 ساڵ و خێزاندار بە دەستڕێژی گوللـە کوژرا.
 
فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند ''کەسی کوژراو چەند ساڵێکە لە بازاری شار مێزی هەیە و کەلوپەل دەفرۆشێت، بەڵام ئەمڕۆ کەسێک لەناکاو دەستڕێژی گوللەی لێکردووە و پێنج گوللەی لێداوە.''
 
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، هۆکاری رووداوەکە کێشەی کۆمەڵایەتی بووە، ژن و پیاوێک پێکەوە بوونە و ژنەکە دوورتر وەستاوە و پیاوەکە دەستڕێژی لە ئیدریس کردووە.
 
شایەتحاڵێک بە رووداوی گوت "کەسێکی تەمەن نزیک 48 ساڵانەم بینی، جلی کوردی لەبەردا بوو، هەر گوێم لە تەقەیەک بوو، بینیم دەمانچەی پێیە، کە چووم بۆ لای مام ئیدریس بزانم چی روویداوە، خوێنی لەبەر دەڕۆیشت.''
 
تیمەکانی پۆلیس و ئاسایش لە شوێنی رووداوەکەن و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن، ئەو شایەتحاڵە گوتی ''هاوارم کرد تەقەکەرەکە بگرن، دواتر خەڵک لە نزیک گەس زیرەک گرتیان. مام ئیدریسیش گەیێندرایە نەخۆشخانە، بەڵام نازانم ئێستا تەندروستی چۆنە، ماوە یان گیانی لەدەستداوە.''
 
شایەتحاڵێکی دیکە گوتی، تەقەکەرەکە هیچ ئۆتۆمبێل و شتی پێنەبووە، [لە نزیک شوێنی ئیدریس] لەسەر کورسی دانیشتبوو، نەمزانی لە ئیدریس دەدات، وامزانی تەقە لە لای حەریق هات.''
 
ئاسایشی هەولێر راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە بکوژ خۆی رادەستی هێزەکانی پۆلیس کردووە و هۆکاری رووداوەکە کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتی بووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە