رووداو دیجیتاڵ
لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی هۆشداری دەداتە هاونیشتمانیان کە چۆکلێت و شیرینی هەڵڕێژراو نەکڕن. نوێنەری تەندروستیی لیژنەکە دەڵێت، خۆراکی بەسەرچوو و لەبەر هەتاوبوو، زیان بە مرۆڤ دەگەیێنێت.
لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ هەینی 05ـی نیسان بڵاویکردوەتەوە، دەڵێت، ئەو چۆکلێتانەی لەلایەن دەستگێڕ و دووکاندارەکانەوە هەڵڕێژراون "گومانی" بەسەرچوونیان لێ دەکرێت و خواردنیان لە رووی تەندروستییەوە زیان بە مرۆڤ دەگەیێنێت.
قایمقامییەتی سلێمانی لەسەر بنەمای ئەوە راگەیێندراوەکەی بڵاوکردووەتەوە کە دەستی گرتووە بەسەر "بڕێكی زۆر" چۆکلێتی ماوەبەسەرچوودا کە ویستراوە بەسەر هاونیشتمانیاندا ساخبكرێنەوە.
ئازاد نەبی، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی لە لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هەر خۆراکێک رێککەوتی بەسەرچوونی تەواو بووبێت، بەهای خۆراکی نامێنێت و زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیێنێت.
ئازاد نەبی گوتیشی، ئەو خواردن و خواردنەوانەش کە رێککەوتی بەکارهێنانیان بەسەرنەچووە، دەبێت لە شوێنی شیاو و دوور لە پلەی گەرمای بەرز و تیشکی خۆر دانرابن، بەپێچەوانەوە ئەوانیش بەهای خۆراکییان نامێنێت و زیانیش بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیێنن.
نوێنەری تەندروستی لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی داوای لە هاونیشتمانیان کرد کە پێش کڕینی هەر جۆرێکی چوکلێت و خواردەمەنی سەیری رێککەوتی بەسەرچوونی بکەن.
لە راگەیێندراوەکەی قایمقامیەتدا بۆ هاونیشتمانیان هاتووە، "بۆ پاراستنی خۆتان و خێزانەكانتان و لەبەر هەبوونی زیان بۆ تەندروستی، ئەو خواردن و خواردنەوانەی لە پلەی گەرم و بەر تیشكی خۆر دادەنرێن لەلایەن دەستگێڕ، دووكان و ماركێتەكانەوە دەفرۆشرێن، مەكڕن و بەكاریان مەهێنن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ