رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان (سلێمانی) دەڵێت، لە سنووری ئیدارەی راپەڕین باندێکی مادەی هۆشبەریان دەستگیرکردووە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگاکە دەڵێت، دەستگیرکراوان پێشتر بەهۆی بازرگانی بە مادەی هۆشبەرەوە سزا درابوون و ماوەیەکی کەمە ئازادکراون.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە 2ـی نیسانەوە چاودێری تۆمەتبارەکانیان کردووە و دوای رووبەڕووبوونەوەی چەکداری، دەستگیریان کردوون.
دەزگاکە ئەمڕۆ هەینی 5ـی نیسان، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، چالاکییەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان بە هاوئاهەنگی ئاسایشی ئیدارەی راپەڕین ئەنجام دراوە.
تۆمەتبارەکان چوار کەسن. عەقید سەلام عەبدولخالق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەر چوار تۆمەتبارەکە خەڵکی حاجیاوا و رانیەن و پێشینەی تاوانیان هەیە".
لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکاندا دەستگیراوە بەسەر سێ کیلۆ و نیو مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ؛ 300 دانە حەبی تراماڵ؛ 500 گرام شیلەی تلیاک و دوو ئۆتۆمبێل کە بۆ گواستنەوەی مادەکان بەکارهێندراون.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگای ئاسایش گوتی، "یەکێک لە تۆمەتبارەکان پێشتر بازرگان بووە و حوکم دراوە و نزیکەی 10 رۆژە ئازاد بووە و دیسانەوە گەڕاوەتەوە بۆ بازرگانیی مادەی هۆشبەر. یەکێکی دیکەیان 20 رۆژ و یەکێکی دیکەشیان دوو مانگ لەمەوبەر ئازادکراوە کە بە هەمان تۆمەت سزادرابوون و گەڕاونەوەتەوە سەر هەمان کار".
بەگوێرەی ئاماری چاکسازییەکان، تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردوو، لە هەر شەش چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا لە نزیکەی 5500 سزادراو 1180 کەسیان بەهۆی بەکارهێنان و بازرگانی بە هۆشبەرەوە حوکم دراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ