رووداو دیجیتاڵ
بەربژێرە سەرکەوتووەکەی دەم پارتی لە وان دەڵێت، "گەلی ئێمە ئیرادەی خۆی نیشان دا و رای گشتیی تورکیاش، پاڵپشتییەکی گەورەیان لە تێکۆشانەکەمان کرد.. ئاکپارتی هیچ کارێکی بۆ وان نەکردووە و ئێمە دەیخەینەوە سەر پێ.''
رۆژی هەینی، 05-04-2024، عەبدوڵڵا زێدان، بەربژێری سەرکەوتووی دەم پارتی بۆ سەرۆکی گەورەشارەوانیی وان قسەی بۆ ماشاڵڵا دەکاک، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند، ''ئێمە ناترسین، کەسێک کە بۆ دادپەروەری، ئاشتی و دیموکراسی تێبکۆشێت، ترسنۆک نییە.''
عەبدوڵڵا زێدان کە لە هەڵبژاردنی 31ـی ئادار زیاتر لە 55٪ـی دەنگەکانی وانی بەدەستهێنا گوتی: ''ئێمە باوەڕمان بە گەلی خۆمان هەیە، گەل ئیرادەی خۆی نیشان دا و سەرەڕای ئەوەی هەندێک کاری نادادپەروەرانە لەلایەن بەربژێرانی ئاکپارتییەوە دژی ئێمە کرا، بەڵام بە تێکۆشانی گەلی ئاشتیخوازمان و پاڵپشتیی گەلی دیموکراسیخواز و ئاشتیخوازی تورکیا، سەرکەوتین."
عەبدوڵڵا زێدان جەختی لەوە کردەوە، هەڕەشەیەکی زۆر لەسەر وان هەیە و ئاکپارتی لە ماوەی دەسەڵاتی خۆیدا لە شارەکە، هیچ کارێکی ئەوتۆی نەکردووە، ''بەڵام ئێمە باوەڕمان بە خۆمان و گەلی وان هەیە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە، ئێمە برینی خۆمان پێکەوە دەرمان دەکەین و شاری خۆمان دەخەینەوە سەر پێ.''
ئەو بەربژێرە سەرکەوتووەی دەم پارتی دەڵێت، لە ئەمڕۆوە 24 کاژێری خزمەتی گەلی وان دەکەن، هەروەها لەبارەی ئەو کەسانەی کە سەر بە ئاکپارتی بوون و لەکاتی قەیوومیدا هێنرابوونە شارەوانیی شارەکە و دەستبەکار بووبوون گوتی: ''باوەڕ ناکەم ئەوانیش لەگەڵ ئێمە کار بکەن، تیمی خۆمان کە پسپۆری و شارەزایی تەواویان هەیە، جێگەیان دەگرنەوە.''
عەبدوڵڵا زێدان لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بە فەرمی ناوی وەک بەربژێری دەم پارتی بۆ شاری وان تۆمار کرا و هیچ لایەنێکی فەرمی سکاڵایەکی لەسەر ئەو نەبوو. تا 5 خولەک پێش تەواوبوونی دەوامی رۆژی هەینیی رابردوو، واتا تەنیا دوو رۆژ بەر لە هەڵبژاردن.
رۆژی 29-03-2024 وەزارەتی داد بە نووسراوێک بۆ دادگەی تێهەڵچوونەوە، ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بە گەڕاندنەوەی مافی کاری سیاسی بۆ زێدان دەربڕی. دادگەش هەمان رۆژ داخوازینامەی هەڵگرتنی قەدەخەی کاری سیاسی، کە پێشتر لە لایەن زێدانەوە هەڵگیرابوو، هەڵوەشاندەوە و سەرلەنوێ قەدەخەی کاری سیاسی بەسەر عەبدوڵڵا زێداندا سەپاند.
بڕیارەکە بەرلەوەی دۆخی کۆتایی وەربگرێت و بوار بە زێدان بدا تانەی لێبدات، رەوانەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن کرا و کۆمیسیۆنیش (دەستبەکاربوونی) پۆستی سەرۆکایەتیی شارەوانی وانی رادەستی عەبدولئەحەد ئارڤاسی بەربژێری ئاکپارتی کرد. لە کاتێکدا تەنیا 27.15٪ی دەنگەکانی وانی بە دەستهێنابوو.
دواتر لەژێر کاریگەریی شەقام و یەکدەنگیی دەم پارتی و ناڕەزایی پارتەکانی دیکەی تورکیا و میدیا و زیادبوونی خۆپێشاندانەکان و پەیامەکەی سەلاحەدین دەمیرتاش بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان و هەوڵی پارێزەران، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە بڕیارەکەی خۆی پاشگەز بووەوە و فەرمانی دەستبەکاربوونی دایەوە دەست عەبدوڵڵا زێدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ