رووداو دیجیتاڵ
حەوت هاونیشتمانیی شاری شنۆی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە پێشتر سزای بەندکرانیان بۆ دەرکرابوو، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان، دووبارە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکران.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە، 04-04-2024، حەوت هاونیشتمانیی خەڵکی شاری شنۆی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوەکانی شوانە بابەکری، شەفیع بابەکری، شاهین ئیبراهیمی، ساڵح سەخاوەت، سۆران بەنگینی، شەهرام ئیبراهیمی و هیوا شەریفی، کە پێشتر سزای بەندکردنیان بۆ دەرکرابوو، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارە دەستگیرکران.
بەگوێرەی زانیارییەکان، تەمەنی دەستگیرکراوان لە نێوان 17 بۆ 39 ساڵە و سەرجەمیان گواستراونەتەوە بەندیخانەی ناوەندیی شاری شنۆ.
دادگەی شۆڕشی شنۆ، کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو بە تۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان سزای سێ مانگ بەندکردنی بۆ هەر یەک لە هیوا شەریفی، ساڵح سەخاوەت، شاهین ئیبراهیمی، شەهرام ئیبراهیمی و سۆران بەنگینی دەرکرد، هەروەها سزای شەش مانگ بەندکردنیشی بۆ شوانە بابەکری و شەفیع بابەکری دەرکردبوو.
ئەو حەوت هاونیشتمانییە مانگی نیسانی ساڵی رابردووش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرابوون، بەڵام بە دانانی بارمتە و تاوەکو یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکەیان بە شێوەی کاتی ئازادکرابوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ