رووداو دیجیتاڵ
80 قوتابیی قوتابخانەیەکی خوێندنی کوردی لە شنگال لەنێو بینایەکی بێ دەرگە و پەنجەرە دەخوێنن. بەڕێوەبەری قوتابخانەکە دەڵێت: "بە نایلۆن دەرگە و پەنجەرەمان گرتووە، خوێندن تێیدا ناچارییە". پەروەردەی شنگال "بێ دەسەڵات"ـی خۆی لە ئاست نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی بینای نوێ نیشان دەدات.
قوتابخانەی ئامادەیی رزگاریی تێکەڵاو لە گوندی قابوسیی شنگال، بەهۆی نەبوونی بینای تایبەت بە خوێندنی کوردی، ئەم ساڵ چوونەتە نێو بینایەکی "تەقێندراوە" لە ساڵی 2014. دەرگە و پەنجەرەی بیناکە بە نایلۆن بەستراوە و تەنیا سێ ژووری پاککراوەتەوە بۆ سێ پۆلی قۆناخەکانی 10 تاوەکو 12ـی ئامادەیی. جگە لە نەبوونی کارەبا و کەلوپەلی خوێندن.
ئەیاد محەممەد، قوتابیی پۆلی 12ـی قوتابخانەکەیە، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "بینای خوێندنی عەرەبییە و ئێمە بەناچاری چووینە ناوی بۆ خوێندن. ئەم ساڵ سەرمابردوو بووین؛ خۆم و زۆربەی هاوپۆلانم نەخۆش کەوتین. بەهۆی سەرماوە ناتوانین قەڵەم لە دەست بگرین. زۆربەی وانەکانمان لەبەر رۆژ دەخوێنین. گۆڕەپان و هیچ پێداویستییەکی قوتابخانەی تێدا نییە، وێرانەیە."
بینای قوتابخانەکە 10 ساڵ بوو هیچ دەوامێکی تێیدا نەکرابوو، چونکە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە تەقێندرابوویەوە. بەڕێوەبەری قوتابخانەکە دەڵێت: "بە یارمەتیی خەڵکی گوند لە ماوەی 10 رۆژ سێ ژووری قوتابخانەکەمان پاککردەوە."
ئیدریس حەسەن لە بەرپرسیار گوتی: "ئەم ساڵ لەگەڵ کردنەوەی ئامادەییەکە، پەروەردەی شنگال تەنیا لاپتۆپێک و فۆتۆکۆپییەکی پێداین. هیچ پێداویستییەکی دیکەی پێنەداین. بەم زستانە نەوت و سۆپامان نییە، مامۆستاکان لەبەر سەرما ناتوانن وانە بڵێنەوە. ئێستا لە خەمی ئەوەداین ساڵی داهاتوو چۆن بتوانین 40 قوتابی نوێ وەربگرین لەنێو ئەو بینایە."
خوێندنی کوردی لە شنگال سەر بە پەروەردەی دهۆکە. میسر حەسۆ، بەڕێوەبەری پەروەردەی کوردی لە شنگال بە رووداوی گوت: "قوتابخانەی گوندی قابوسی کۆنە و پێشتر داعش لە 2014 تەقاندوویەتییەوە و تائیستا نۆژەن نەکراوەتەوە. بیناکە خوێندنی عەرەبییە و ئێمە تێیدا میوانین. دەسەڵاتی ئەوەمان نییە هیچ قوتابخانەیەک نۆژەن بکەینەوە. ساڵانە تەنیا کەلوپەلی خوێندن، سۆپا و نەوتیان پێدەدەین."
70 قوتابخانەی خوێندنی کوردی لە شنگال لەنێو 20 بینا یان کەرەڤانەی تایبەت بە خوێندنی کوردی دەخوێنن. بینای 50 قوتابخانەی دیکە وەک میسر حەسۆ، دەڵێت، "لەنێو بیناکان میوانین."
موختاری گوندی قابوسی، داواکارییەکانی خەڵکی گوندەکەی گەیاندووەتە پارێزگاری نەینەوا و سەرۆکوەزیرانی عێراق. محەممەد بیجۆ، لە بەرپرسیار، گوتی: "سەرۆکوەزیرانی عێراق هاتە شنگال و داواکارییەکانم گەیاند، بەڵام تاوەکو ئیستا جێبەجێ نەکراون. داعش بورجی شەبەکەی گوندەکەمانی تەقاندووەتەوە، ئێستا لە گوند شەبەکەی پەیوەندیکردنیش نییە، بۆ هەر تەلەفۆنێک دەبێ بچینە شوێنێکی بەرز."
بە گوتەی بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە شنگال، تاوەکو 2013 بینای 30 قوتابخانە دروستکران. لە شنگال خوێندنی کوردی و عەرەبی هەن، هەموو بیناکان تایبەتکراون بە خوێندنی عەرەبی، خوێندنی کوردی هیچ بینایەکی تایبەت بەخۆی نییە و بینای نوێش دروستنەکراون.
لەبارەی پلانی پەروەردەی خوێندنی کوردی لە شنگال بۆ نۆژەنکردنەوە یان دروستکردنی بینای نوێ، میسر حەسۆ، گوتی: "دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی بینای قوتابخانە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، ئەوە لە دەسەڵاتی حکومەتی بەغدایە. ئێمە تەنیا دەتوانین کەلوپەلی خوێندن، سۆپا و نەوتیان بۆ دابین بکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ