پەرلەمانتارێکی دەم پارتی: بۆ پرسی کورد لە تورکیا جگە لە ئاشتی هیچ رێگەیەکی دیکە نەماوە

05-02-2025
ناسر عەلی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە دوو مانگە رووداوە گەرمەکانی باکووری کوردستان و تورکیا کاریگەریی بەرچاویان لەسەر هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی پارێزگای دهۆک هەبووە، چونکە بەهۆی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە، خەڵکی سنووری پارێزگای دهۆک زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.
 
پۆدکاستی بەکاتی دهۆک لەمبارەیەوە لەگەڵ هەریەک لە سەربەست بابیری، بەرپرسی میحوەری رۆژهەڵاتی دیجلەی پێشمەرگە و، محەممەد کاماچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی، پرسی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا و باکووری کوردستان و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد. 
 
دەستپێکی پرۆسەی ئاشتی و گرنگیی یەکڕیزی
 
سەربەست بابیری لە سەرەتای قسەکانیدا جەختی لەسەر گرنگیی پرۆسەکە کردەوە و گوتی "ئەم پرۆسەی ئاشتییە کە ئەمڕۆ لە باکووری کوردستان دەستیپێکردووە، مایەی دڵخۆشیی هەموو خەڵکە، چونکە نیشانەی ئەوەیە؛ ئاسایش و ئارامی بۆ وڵات و هەموو هاونیشتمانیانی کوردستان دەگەڕێتەوە."
 
هەروەها گوتی "ئەمڕۆ، کورد پێویستی بەوە نییە یەکدی بکوژن، چ لە باکوور، چ لە باشوور، چ لە رۆژئاوا و  رۆژهەڵات. پێویستە لەسەر مێزێک دابنیشین و یەکگرتنی کورد و سەرکەوتنی یەکگرتوویی هەموو حیزبە کوردستانییەکان بێنینە دی."
 
قەیرانی درێژخایەن و هیوای چارەسەر
 
محەممەد کاماچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی گوتی "سەدان ساڵە پرسی کورد چارەسەر نەکراوە و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووەتە گۆڕەپانی شەڕ و پێکدادان. هۆکاری سەرەکیی شکستی کورد لە سەدەی بیستەمدا؛ نەبوونی یەکڕیزی بوو، چونکە دیمۆگرافیای کورد لەنێو چوار وڵاتدا دابەشکرا."
 
کاماچ دەڵێ "جیاوازی لەنێوان دهۆک و جزیر، دهۆک و هەکاری نییە، سلێمانی و ئامەد، هەولێر و مەهاباد دا نییە. گەلی کورد پێویستیی بە سەرکەوتن و ئاشتییەکی بەردەوامە لە هەر چوار پارچەی کوردستان دا."
 
سەربەست بابیری بەتایبەتی جەختی لە رۆڵی سەرۆک بارزانی کردەوە و گوتی "کاتێک خوێنی کوردێک دەڕژێت، سەرۆک بارزانی زۆر پێی ناڕەحەت دەبێت. با باکوور وا بیر نەکاتەوە ئێمە پێی خۆشحاڵین کاتێک کەسێک لە باکوور دەکوژرێت. ئێمە هەموومان کوردین و ئامانجمان یەکبوونی کوردانە."
 
محەممەد کاماچ لەم بارەیەوە گوتی "سەردانی مەزڵووم عەبدی (فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات) بۆ لای سەرۆک بارزانی دڵخۆشییەکی گەورەی لای هەموو کورد دروست کرد. لە هەر کۆڵانێک کورد هەبێت، ئەو دیدارە خۆشحاڵیی گەورەی دروستکرد. سەرۆک بارزانی تەنیا وەک سەرۆکی پارتێک نابینرێت، بەڵکو وەک مەرجەعی هەموو کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان دەبینرێت."
 
پێشبینی و چاوەڕوانییەکان
 
محەممەد کاماچ گوتی: "دەسەڵاتی تورکیا پێویستە ئەم راستییە تێبگات؛ چارەسەری پرسی کورد، بە رێگەی دیموکراتی و ئاشتییانە تەنیا رێگەچارەیە. لە دەرەوەی ئەمە دا هیچ رێگەیەکی دیکە نەماوە، نە بۆ تورکیا، نە بۆ عێراق و نە بۆ ئێرانیش."
 
لەبارەی رۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان (رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە) لە پرۆسەکەدا، کاماچ گوتی "ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا رایگەیاند 'هێزم هەیە کە ئەم مەسەلەیە، بەتایبەت لە لایەنی چەکداری و پێکدادانەوە، بگوێزمەوە بۆ لایەنی یاسایی، دیموکراسی و دانوستاندن بۆ ئاشتی.' ئەم ئیرادەیە لەلای سیاسەتی کورد لە باکووری کوردستان هەیە."
 
پێشنیازی یەکگرتن و کۆبوونەوە
 
لە کۆتایی گفتوگۆکەدا، سەربەست بابیری داوایەکی خستەڕوو و گوتی "بانگەوازی خۆمان ئاراستەی هەموو پارتە کوردستانییەکان دەکەین، پێویستە هەوڵێکی جیدی بدەن بۆ نزیکبوونەوە لە یەکدی. ئەمڕۆ کلیلی کردنەوەی ئاشتی و ئارامی و تەناهی لە هەر چوار پارچەی کوردستان، لە دەستی سەرۆک بارزانی دایە."
 
محەممەد کاماچ پشتگیریی ئەم بۆچوونەی کرد و گوتی "پێویستە هەموو لایەنەکان، لە باشوور و لە باکووریش، دابنیشن و گفتوگۆ بکەن. ئیدی نابێت دەنگی چەک بەرزتر بێت لە دەنگی ئەو کەسانەی داوای ئاشتی دەکەن."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شیلان لەگەڵ هاوژینەکەی

شیلان لەنێوان ژیان و مردندایە؛ "خوێنێکیان داوەتێ هی خۆی نییە" و لێکۆڵینەوە دەکرێت

شیلان تەمەنی 38 ساڵە، زیاتر لە 60 کاژێرە بێهۆشە؛ دایکی 6 منداڵە، بۆئەوەی منداڵی حەوتەمی لەدایک ببێت، نەشتەرگەریی بۆ ئەنجامدرا، بە گوتەی خێزانەکەی 40 خولەک دوای نەشتەرگەرییەکە، بەهۆی پێدانی خوێنێک کە لە جۆری خوێنی خۆی نەبووە، ئێستا ململانێ لەگەڵ مردن دەکات