چوار کۆڵبەر لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بریندار بوون

05-02-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

چوار کۆڵبەری خەڵکی شاری بانەی سەر بە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران لە سنووری هەنگەژاڵ لە بانە بریندار بوون.
 
بەپێی زانیارییە خۆجێیەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، شەوی یەکشەممە، 4ی شوباتی 2024، خالق ئەبوبەکری، تەمەن 37 ساڵ؛ عەلی ئەبوبەکری، تەمەن 30 ساڵ؛ ناسر بەری، تەمەن 43 ساڵ و هێمن، کە خەڵکی شاری بانەن، لە کاتی کۆڵبەریدا بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی ئەو شارە، بە سەختی بریندار بوون.
 
ئەم چوار کۆڵبەرە گوللە بەر قاچ و رانیان کەوتووە و بە سەختی بریندار بوون.
 
رۆژی شەممە، 3ی شوباتی 2024یش، دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی حەمزە یوسفی و مەنسوور میروەیسی، بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی ئێران لە سنووری شارۆچکەی نەوسوودی کرماشان بریندار کرابوون، کە دواتر ئەو دوو کۆڵبەرە بەمەبەستی چارەسەریی پزیشکی گوازرابوونەوە بنکە تەندروستییەکانی پاوە.
 
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە یەکەم مانگی ساڵی 2024، لانیکەم شەش کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکاندا بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران کوژراون و 44 کۆڵبەریش بریندار کراون. 
 
زۆرینەی ئەو کۆڵبەرانە لە ناوچە سنوورییەکانی شاری پاوە لە پارێزگای کرماشان و ناوچە سنوورییەکانی شاری بانە سەر بە پارێزگای سنە کوژراون و بریندار بوون.
 
کۆڵبەرەکان دەڵێن، بەهۆی نەبوونی هەلی کار و لەڕووی ناچاری و تەنیا بۆ دابینکردنی بژێویی ژیان روو لە ناوچە سنوورییەکان دەکەن و لەپێناو بڕە پارەیەکدا کەلوپەلی بازرگانەکان دەگوازنەوە. 
 
لە ساڵانی پێشتردا تەنیا خەڵکی ناوچە سنوورییەکان کۆڵبەرییان دەکرد، بەڵام لەم چەند ساڵەدا کە دۆخی ئابووری خراپتر بووە، لە شارە دوورترەکانی سنووریشەوە خەڵک بۆ دابینکردنی بژێویی ژیان، روو لە ناوچە سنوورییەکان دەکەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە