وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: بەرپرسیاریێتی حکومەتی عێراقە وەڵامی هێرشەکانی سەر ئەمریکییەکان بداتەوە

04-12-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
ماتیۆ میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
ماتیۆ میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، ئەمریکا پێیوایە حکومەتی عێراق بەرپرسیاریێتی ئەوەی هەیە، کە رێگری لە هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بکات و وەڵامی هێرشەکان بداتەوە. 
 
رۆژی دووشەممە 4ـی کانوونی یەکەمی 2023، ماتیۆ میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن رایگەیاند، "ئێمە پێمانوایە کە حکومەتی عێراق بەرپرسیاریێتی ئەوەی هەیە رێگری لەو هێرشانە بکات و وەڵامی ئەو هێرشانە بداتەوە کە دەکرێنە سەر کارمەند و کەسایەتییە ئەمریکییەکان کە لە عێراقن لەسەر داوای حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی چالاکی دژی رێکخراوی داعش بکەن؛ حکومەتی عێراق ئەوەی راگەیاندووە، کە کار دەکەن بۆ ئەوەی رێگری لەوجۆرە هێرشانە بکەن و ئێمەش چاوەڕێ دەکەین ئەوە بکەن."
 
هاوکات، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا ناسراو بە سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشەکە رایگەیاند، ئەو پێنج چەکدارەیان لەکاتێکدا کردووەتە ئامانج، کە ئامادەکارییان بۆ هێرشێکی درۆنی دەکرد و هێرشەکەی سەریان بۆ بەرگری لەخۆکردن بووە.
 
رۆژی یەکشەممە، 3-12-2023، کاروانێکی حەشدی شەعبی لە سنووری قەزای دووبزی سەر بە کەرکووک بۆردوومان کرا. گرووپێکی چەکداری شیعەکان کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی" ناساندو رایانگەیاند، پێنج چەکداریان کوژراوە و ئەمریکاشی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار کرد.
 
سێنتکۆم دەشڵێت، هێرشەکەی سەر چەکدارەکان بەدرۆن کراوە و لە ئەنجامدا پێنج چەکدارەکە کوژراون و درۆنەکەش تێکشکێندراوە. 
 
حکومەتی عێراق، بەگوتەی سێنتکۆم، لە هێرشەکە ئاگادار کراوەتەوە و زانیارییان دەربارەی هێرشەکە هەبووە. 
 
ئەوە لەکاتێکدایە لە 18-10-2023ـەوە تاوەکو 23-11-2023 بەشێک لە گرووپە چەکدارە شيعەکانى نزیک لە ئێران کە ناوى خۆيان ناوە موقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق، بەرپرسیاریێتى خۆیان لە 67 هێرش راگەیاندووە کە گوایە کردوونیانەتە سەر بنکەکانى ئەمریکا لە عێراق و سووریا؛ لەو 67 هێرشە 17ـیان بە درۆن یان مووشەک کراونەتە سەر بنکەى عەین ئەسەد لە پارێزگەى ئەنبارى رۆژئاواى عێراق.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە