گوتەبێژی یەکێتی: لە داهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ پارتی کۆدەبینەوە

04-12-2023
پەیمان محەممەد
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان.
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی یەکێتی دەڵێت، لەسەر ئەو سکاڵایەی لە دادگەی فیدراڵی دژی یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کراوە "رژدین''، گوتیشی، لە داهاتوویەکی نزیکدا شاندی باڵای یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 03-12-2023، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد، لەبارەی سکاڵایەک کە لە دادگەى فیدراڵیى عێراق دژى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکراوە، رایگەیاند، ''یەکێتی لەسەر سکاڵاکەی رژدە و دادگەی فیدراڵیش هەر بڕیارێک بدات رێزی لێ دەگرین.''
 
سکاڵاکە لە دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 1992ـی هەموارکراو، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان و ئامانج نەجیب شەمعون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمار کراون و پەیوەندییان بە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، کورسیی کۆتاکان، تۆماری دەنگدەران و بازنەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە. 
 
سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بەوە کرد، حیزبەکەی لەگەڵ ئەوە دایە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت. 
 
کۆمیسیۆن پێشنیاز دەکات 11 کورسییەکەی کۆتای پێکهاتەکانی پەرلەمانی کوردستان بە پشتبەستن بە یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دابەش بن بەسەر سلێمانی (4 کورسی)، هەولێر (4 کورسی) و دهۆک (3 کورسی). سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی: ''مەسەلەی کۆتا لە عێراق و جیهان مەسەلەی رێزلێنانە، واتا یەک کۆتا بۆ هەر پێکهاتەیەک دیاریدەکرێت و ئەوانەی دیکەش دەچنە نێو لیستەکان و لیستی سەربەخۆیان دەبێت.''
 
بڕیارە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات، کە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، رۆژی 25-02-2024 دیاریکراوە.
 
کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی
 
دوای کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوە لەنێوان یەکێتی و پارتی دەستیپێکردووەتەوە و لە رۆژی 7ـی ئەم مانگە لە ئاستی باڵادا کۆبوونەوە. سەعدی ئەحمەد پیرە باسی لەوە کرد، لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان شاندی باڵای دوو حیزبەکە هەبووە و ''تەنیا هەندێک مەلەفی ئەمنی، ئیداری و سیاسی ماون کە هەوڵدەدرێت ئەم گلەیی و ناکۆکییانەش پۆلێن بکرێن و لە داهاتوویەکی نزیکدا پێکەوە کۆدەبنەوە.''
 
نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، جێگری یەکەم و دووەمی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە کۆبوونەوەی پێشووی دوو حیزبەکەدا بەشداربوون، گوتەبێژی یەکێتی دەڵێت، ''دوو شاندەکە خاوەن دەسەڵات و بڕیارن و دەتوانن کێشە و ناکۆکییەکان جێبەجێ بکەن.''
 
مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان
 
سەرەڕای ئەوەی لە عێراق مووچەی مانگی تشرینی دووەم دابەشکراوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان تائێستا مووچەی مانگی ئەیلوولی مووچەخۆران نەدراوە، سەعدی ئەحمەد پیرە پێیوایە، لەکاتی داڕشتنی رەشنووسی یاسای بودجە و رێککەوتنەکان هەڵە کراوە و نەدەبووایە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەسەر خەرجی فیعلی بووایە و دەکرا وەکو فەرمانبەرانی عێراق شایستە داراییەکانیان پێدرابووایە. 
 
هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە 920 بۆ 940 ملیار دینارە بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی، پێشتر لە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 700 ملیار دینار بۆ مووچە تەرخان دەکرا، بەڵام لەدوای راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی لە پاریس لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە و بۆ دابەشکردنی مووچە، پشت بە داهاتی نێوخۆ و ئەو پارەیە دەبەسترێت، کە عێراق بە قەرز رەوانەی هەرێمی کوردستانی دەکات.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیازی کردووە یاسای بودجەی گشتیی عێراق هەموار بکرێتەوە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجیی راستەقینە جیابکرێتەوە، گوتەبێژی یەکێتی دەڵێت: ''ئێستا کاتی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە نییە، چونکە دۆخی ناو پەرلەمانی عێراقیش بۆ هەموارکردنەوە گونجاو نییە، بەڵام گرنگە هەوڵ بدرێت، مووچەی فەرمانبەران بخرێتە سەر خەرجیی (حاکیمە)."
 
رۆژی 17ـی ئەیلوولی 2023، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بداتە هەرێمى کوردستان بۆ مووچەی سێ مانگی فەرمانبەران، کە تاوەکو ئێستا یەک تریلیۆن و 400 ملیار دینارى ناردووە. سەعدی ئەحمەد پیرە دەڵێت، تا ئەو کاتەی کێشەی یاسای بودجە چارەسەر دەبێت، ''دەکرێ لە چوارچێوەی شایستە داراییەکان، بە قەرز یان بەپێی پێویست یارمەتیی هەرێمی کوردستان بدرێت''.
 
بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتیى عێراق کە لە 26ـى حوزەیران کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى وەزارەتى نەوتى حکومەتى فیدراڵى بکات کە یان بۆ هەناردەکردن بۆ دەرەوە یان بۆ نێوخۆ بەکارى دەهێنێت، ئەوەش وەکو یەکێک لە مەرجەکانى ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان لەو بودجەیە کە زیاتر لە 16.6 تریلیۆن دینارە لە کۆى زیاتر لە 199 ترلیۆن دینارى بودجەى عێراق.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند کرێکارێک لەکاتی کارکردندا لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزیری کاری عێراق: کار بۆ زیادکردنی مووچەی کرێکاران دەکەین

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەو کرێکارانەی لە کەرتی تایبەت تۆمارکراون 10٪ تێناپەڕێت. دەشڵێت، قەرزی پڕۆژەی بچووک و کەمترین مووچەی کرێکاران زیاد دەکەن.