رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 800 دەرچووی کۆلێژە پزیشکییەکان لە کەرکووک گردبوونەوە و داوای دامەزراندن دەکەن. دەرچوویەکی ناڕازی دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی فەرمانی وەزاری بۆ دامەزراندنیان دەرچووە، بەڵام رێگریی لێ دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 04-12-2023 زیاتر لە 800 دەرچوو لە نەتەوەکانی کورد، عەرەب و تورکمانی کۆلێژە پزیشکییەکان لە کەرکووک لە بەردەم باڵەخانەی پارێزگاکە گردبوونەوە، داوایان کرد لە رێگەی پارێزگاوە رەزامەندیی دامەزراندن و دەستبەکاربوونیان وەربگیرێت.
بە گوتەی خۆپێشاندەران، بە بیانووی ئەوەی کە لە بەڵگەنامەکاندا "تۆماری باری شارستانیی کەرکووک"یان نییە، رێگری لە دامەزراندنیان دەکرێت، ئەوەش لە کاتێکدایە بەشێک لە دەرچووان دەڵێن، خەڵکی رەسەنی شارەکەن و دایک و باوکیان تۆماری باری شارستانیی کەرکووکیان هەیە، تەنیا خۆیان لە دەرەوەی ئەو شارە لەدایکبوون.
هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە کەرکووک لەوبارەیەوە دەڵێت، لە وەزارەتی تەندروستیی عێراقەوە فەرمانی دامەزراندن بۆ دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان هاتووەتەوە، بەڵام هێشتا رێگری لە دامەزراندنیان دەکرێت.
یەکێک لە خۆپێشاندەران بە رووداوی گوت، "بۆ دامەزراندنی ئێمە، فەرمانی وەزاری لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە دەرچووە و ئەم کێشەیە جگە لە کەرکووک لە هیچ پارێزگایەکی دیکەی عێراق نییە."
ئەو دەرچووەی بەشە پزیشکییەکانی کەرکووک گوتیشی، "فۆرمی خۆراکمان کەرکووکە و زیاتر لە 20 ساڵە لە کەرکووک نیشتەجێین، بەڵام تەنیا بە بیانووی ئەوەی ناسنامەمان دەرەوەی کەرکووکە دەڵێن دانامەزرێن."
رۆژی 21-11-2023 کاکەڕەش سدیق، بەرپرسی نووسینگەی جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستووری عێراق لە کەرکووک، لەبارەی ئەم کێشەیەوە نووسراوی فەرمی ئاراستەی لیژنەی باڵای مادەی 140 لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی کردووە و تێیدا راکان جبووری، پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک بە هۆکاری رێگریکردن لە دامەرزاندنی دەرچووان دەزانێت.
کاکەڕەش سدیق لە نووسراوەکەدا بە هادی عامری، سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستوور دەڵێت، دەیانەوێت رەتکردنەوەی خۆیان بۆ بڕگەی ئەلیف لە راسپاردەکانی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستوور (کۆبوونەوەی 90) لە رۆژی 16-11-2023 بخەنەڕوو، لەبەر ئەم هۆکارانە:
1- مەرجی سەرژمێری دانیشتووانی ساڵی 1957 لە پرسەکانی دامەزراندن و بەناوکردنی موڵک بۆ فەرمانبەران لە پارێزگای کەرکووک بڕیارێکە ئەنجوومەنی پێشووی پارێزگای کەرکووک داویەتی و بڕیارێکی کارپێکراوە و بەپێی ئەو بڕیارە، سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوەکانی حکومەت لەنێویدا ئیدارەی ئێستای پارێزگا کاری پێدەکەن.
2- زیاتر لە 800 دەرچووی کۆلێژەکانی پزیشکی، پزیشکی ددان و دەرمانسازی دەرچووانی کۆلێژی پزیشکیی دیکەش لەوانەی دامەزراندن لەسەر میلاکی وەزارەتی تەندروستی دەیانگرێتەوە و رۆڵەی کەرکووکن، تاوەکو ئێستا راکان جبووری رەتیدەکاتەوە و نایەوێت هاوشێوەی ئەوانی دیکە دابمەزرێن بە پشتبەستن بە بڕیاری مەرجی هەبوونی سەرژمێریی ساڵی 1957.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ