رووداو دیجیتاڵ
کۆنسووڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر بە تۆڕی میدیای رووداو راگەیاند، دوای زیاتر لە پێنج ساڵ، ئەرکەکەی لە هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت و بەمەبەستی ماڵئاوایی سەردانی لایەنە سیاسییەکان دەکات. نەسرۆڵڵا رەشنوودی لەبارەی هاوکاریکردنی لایەنەکان لە پێکهێنانی حکومەت گوتی، هەر کاتێک پێویستی کردبێت، ئێران رۆڵی خۆی گێڕاوە.
نەسرۆڵڵا رەشنوودی، کۆنسووڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر قسەی بۆ بەختیار قادر، پەیامنێری رووداو کرد و ئاماژەی بە کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی کرد و رایگەیاند، "ئیمە نزیکین لە رۆیشتن و کۆتاییهاتنی ئەرکەکەمان. خەریکی ماڵئاوایین لە دۆست، حیزب و کەسایەتییە جیاوازەکان؛ تا پێمان دەکرێت سەردانیان دەکەین. پشتیوان بە خودا، کۆنسووڵی گشتیی نوێش دێت، دوای ئەوەی ئێمە دەچین."
کۆنسووڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر دەڵێت، لە ماوەی ئەرکەکەیدا لە هەولێر هەموو هەوڵەکانی بۆ باشترکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان بووە و جەخت لەوەش دەکاتەوە، ئێستا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لایەن باشن.
نەسرۆڵڵا رەشنوودی گوتی، "زیاتر لە پێنج ساڵ بوو لە هەرێمی کوردستان بووین؛ پێنج ساڵ بە دۆخی جیاوازەوە، بەڵام هەموو هەوڵەکانمان بۆ ئەوە بوو کە ئەم پەیوەندییانە (پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان) دۆستانە بن و پەرەیان پێبدرێت. هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوە بوو کە ئەم پەیوەندییانە بەهێزتر ببنەوە. پشتیوان بە خودا، ئێستا لە دۆخێکی وەهاداین کە لەوانەیە لە باشترین دۆخی پەیوەندییەکاندا بین و بە خۆشحاڵییەوە کاتێک ئێرە بەجێدەهێڵین، پەیوەندییەکان لە ئاستێکی باشدان."
سەبارەت بە رۆڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هاوکاریکردنی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی پێکهێنانی حکومەتی نوێ، نەسرۆڵڵا رەشنوودی دەڵێت، "کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە لەگەڵ حکومەتی عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی رۆڵی خۆی گێڕاوە. لە هەر شوێنێک ئەگەر پێویستی کردبێ، رۆڵی خۆی گیراوە. بۆ ئێمە سەقامگیری لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان گرنگە. بێگومان بەو ئیرادەیەی لە لایەنەکان، حیزبەکان و ئەو گرووپانەی لە هەرێمی کوردستاندا دەبینین، پشتیوان بە خودا بە ئاسانی دەتوانن ئەو کێشە و ئاستەنگانە لاببەن و بگەنە لێکتێگەیشتن و رێککەوتنی باش."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ