رووداو بەشێکی رێککەوتنی 'هەژماری من' و TBI بڵاودەکاتەوە

04-11-2024
ئارێز خالید
لۆگۆی هەژماری من و تی بی ئای
لۆگۆی هەژماری من و تی بی ئای
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تیمی هەژماری من، ئەمڕۆ دووشەممە 4ـی تشرنی دووەمی 2024 بە رووداوی گوت، رێککەوتنەکەیان لەگەڵ TBI هەفتەیەک پێش ئێستا کراوە و واژۆ کراوە.
شەوی 3ـی تشرینی دووەمی 2024 بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) رایگەیاند، گرێبەستیان لەگەڵ پرۆژەی 'هەژماری من' واژۆ کردووە بە مەبەستی بەجێکردنی مووچە.
 
سەبارەت بە نێوەڕۆکی رێککەوتنەکە، تیمی 'هەژماری من' دەڵێت، رێککەوتنەکە 25 لاپەڕەیە و بەشی یەکەمی پەیوەندیی بە پابەندییەکانی تیمی 'هەژماری من' و پابەندییەکانی تی بی ئایەوە هەیە.
 
بەشێكی دیکەی گرێبەستەکە تایبەتە بە دانانی ئەی تی ئێمی، تی بی ئای لە هەرێمی کوردستان، چونکە وەکو تیمی 'هەژماری من' دەڵێت، زیاتر لە 34 هەزار فۆرم لەلایەن فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە پڕکراونەتەوە بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی لەو بانکە کە زۆربەیان لە پارێزگای سلێمانین، بەڵام تاوەکو ئێستا بانکەکە هیچ ئەی تی ئێمێکی نییە، بۆیە بەگوێرەی گرێبەستەکە، دەبێت تیمی 'هەژماری من' شوێنی دانانی ئەی تی ئێمەکان بۆ تی بی ئای دیاریبکرێت، دواتریش لەسەر بانکەکە پێویستە ئەی تی ئێمەکان دابنێت.
 
تیمی 'هەژماری من' دەڵێت، بەمزووانە چوار ئەی تی ئێم دەگەنە سلێمانی، دوای ئەوەی نزیکەی 10 هەزار کارتی فەرمانبەران لە تی بی ئای تەواو بوون لە رێگەی 'هەژماری من'ـەوە رادەستی فەرمانبەران دەکرێن، قۆناخی دواتریش دابەشکردنی مووچە دەبێت لە رێگەی بانکەکەوە.
 
سەبارەت بە بەشداریکردنی بانکەکانی رافیدەین و رەشید لە پرۆژەی 'هەژماری من'، تیمەکە دەڵێت، بە هیچ جۆرێک ئەو دوو بانکە بەشداری لە پرۆژەی 'هەژماری من' ناکەن، چونکە رێککەوتنی پرۆژەی 'هەژماری من' و سەرۆکوەزیرانی عێراق بەو شێوەیە بووە، کە تەنیا تی بی ئای بەشداری بکات لە پرۆژەکە دا؛ بۆیە کردنەوەی هەر هەژمارێکی بانکی لە دەرەوەی رێنوێنییەکانی پرۆژەی 'هەژماری من' کاری پێناکرێت.
 
تیمی 'هەژماری من' داوا لە فەرمانبەران دەکات خۆیان بەدووربگرن لە کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ وەرگرتنی مووچە لە دەرەوەی رێنوێنی و ئاگاداریی 'هەژماری من'، چونکە وەکو ئەوان دەڵێن بە هیچ جۆرێک مووچەیان ناخرێتە سەر ئەو هەژمارانەی بەبێ ئاگاداری و لە رێگەی ئەوانەوە ناکرێنەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".