لە شەش مانگدا زیاتر لە 1,400 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە کرماشان تۆمارکراون

04-10-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی شاری کرماشان دەڵێت، لە شەش مانگدا لانیکەم 2,417 رووداوی هاتووچۆ، ئاگرکەوتنەوە، خنکان، هەڵدێران و رووداوی دیکەی هاوشێوە تۆمارکراون، کە 30 کەس بەهۆیانەوە گیانیان لەدەستداوە.
 
غوڵامڕەزا رەزایی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە سەرەتای نەورۆزەوە تاوەکو 21-09-2024، لانیکەم هەزار و 403 رووداوی ئاگرکەوتنەوە و هەزار و 14 رووداوی دیکە لە سنووری شارەکە تۆمارکراون.
 
بەگوتەی غوڵامڕەزا رەزایی، بەهۆی رووداوەکانەوە لانیکەم 30 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە بەشی زۆریان بە رووداوی هاتووچۆ، خنکان و ئاگرکەوتنەوە بووە.
 
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی شاری کرماشان ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆی رووداوەکاندا 223 کەس بریندار بوون و  792 کەسیش رزگار کراون.
 
بەگوێرەی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دادپزیشکیی پارێزگای کرماشان، لە نەورۆزەوە تاوەکو 21-05-2024، 698 کەس بە رووداوەکانی هاتووچۆ، ئاگرکەوتنەوە، خنکان و رووداوی دیکەی هاوشێوە لە سنووری پارێزگاکە گیانیان لەدەستداوە کە 226ـیان بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ بووە.
 
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە لەو ژمارەیە، 18ـیان کرێکارن کە لەکاتی کارکردندا لە باڵەخانەکان، بەهۆی کەوتنەخوارەوە یان رووداوی دیکە گیانیان لەدەستداوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە