رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری فەرمانگەی تۆماری باری شارستانیی پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، لە شەش مانگی رابردوودا 2 هەزار و 313 جیابوونەوەی هاوژینان هەبووە.
فەریبورز ئەمیری پەریان، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی تۆماری باری شارستانیی پارێزگای لوڕستان دەڵێت، لە شەش مانگی رابردوودا 6 هەزار و 616 هاوژینی لەو پارێزگایە تۆمارکراون و ئەوەش واتای ئەوەیە، رۆژانە تێکڕا 36 هاوژینی پێکهێندراون.
فەریبورز ئەمیری پەریان گوتی، تێکڕای تەمەنی پیاوان بۆ هاوژینی لە لوڕستان 28.6 ساڵ و بۆ ژنان 23.4 ساڵە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، هەر لەو ماوەیەدا 2 هەزار و 313 جیابوونەوە تۆمارکراوە کە تێکڕا رۆژانە دەکاتە 12 جیابوونەوە.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی تۆماری باری شارستانیی پارێزگای لوڕستان گوتیشی، تێکڕای تەمەنی پیاوان بۆ جیابوونەوە 37 ساڵ و بۆ ژنان 32 ساڵە.
فەریبورز ئەمیری پەریان ئاماری لەدایکبوونیشی لەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە و گوتی، لە شەش مانگدا 11 هەزار و 928 منداڵ لەدایکبوون کە 6 هەزار 309 کەسیان کوڕ و 5 هەزار و 619 کەسەکەی دیکەیان کچ بوون.
لەبارەی ئاماری مردنیش، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تۆماری باری شارستانیی پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، لەو 6 مانگەدا 8 هەزار و 472 کەس کۆچی دواییان کردووە کە 5 هەزار و 337 کەس لە شارەکان و 3 هەزار و 135 کەسەکەی دیکەش لە گوندەکان بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ