رووداو - هەولێر
پەرلەمانتارێکی پارتی رایگەیاند: هەفتەی داهاتوو شاندێکی باڵای چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و بڕیارە لەگەڵ سەرکردایەتیی کورد لە بارەی پرسی سەرۆککۆماری عێراق و پێکهێنانی حکومەتی نوێ عێراق کۆببنەوە. ئەندامێکی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاساش لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "رەنگە شاندێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەردانی هەولێر بکەن."
رۆژی سێشەممە 4-10-2022، مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندێکی باڵای چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و لەبارەی پرسی سەرۆککۆماری عێراق و پێکهێنانی حکومەتی نوێ عێراق لەگەڵ سەرکردایەتیی کورد کۆببنەوە.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارەی پارتی، ئەم مانگە یەکلاییکەرەوە دەبێت لە عێراق و بەربژێری سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق یەکلایی دەکرێتەوە.
هاوکات عارف حەمامی، ئەندامی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هاتنی شاندێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پەیوەندی بە سەرکردەکانییەوە هەیە، بەڵام رەنگە سەردانی هەولێر بکەن."
سەبارەت بە رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر بەربژێری هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، مەحما خەلیل گوتی: "پێشبینی دەکەم لێکتێگەیشتن لە نێوانیان هەبێت، پێشەکیش لەبارەی ئەوە رێککەوتوون کە نابێت بە دوو بەربژێرەوە بچنە کێبڕکێ ئەو پۆستە."
پەرلەمانتارێکی یەکێتی لەبەر دوو هۆکار بە پێویستی دەزانێت، یەکێتی و پارتی بەربژێرێکی هاوبەشیان بۆ ئەو پۆستە هەبێت، کاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە رووداوی گوت: "دەبێت پارتی و یەکێتی لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش رێککبکەون، یەکەم ئەوان ئێستا لە یەک هاوپەیمانن، ناکرێت دوو بەربژێریان هەبێت، دووەمیش لەبەر پێگەی کورد لە بەغدا پێویستە رێکبکەون، چونکە کارەکانی یەکێتی و پارتی لە بەغدا تەنیا لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار نییە."
لەبارەی کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانتارەکەی یەکێتی گوتی: "سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق چاوەڕێی رێککەوتنی یەکێتی و پارتی-ن لەسەر دیاریکردنی بەربژێرێکی هاوبەش. جگە لەوەش بەشێکی پەیوەستە کاردانەوەکانی رەوتی سەدر."
بە گوتەی پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا، ئەوان لەگەڵ یەکێتی و پارتیش گفتوگۆیان کردووە بۆ ئەوەی بەربژێرێکی هاوبەشیان هەبێت، چونکە ئێستا "پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ عێراق لەسەر ئەوان وەستاوە. ئێمە بەربژێری خۆمان بۆ سەرۆکوەزیران دیاریکردووە ئەگەر ئەوانیش کەسێک دیاری ناکەن، با بێنە ناو دانیشتنێکی پەرلەمانەوە و لەوێ بە دەنگدان ئەو بابەتە یەکلاببێتەوە."
رۆژی 10ی ئەم مانگە ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تێدەپەڕێت، بەڵام جگە لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، تائێستا سەرۆککۆماری عێراق هەڵنەبژێردراوە و حکومەتی نوێش پێکنەهێندراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ