رووداو دیجیتاڵ
زۆربەی ساڵەکان ئێران ئاوی بەردراوەی زێی بچووک لە سنووری ئیدارەی راپەڕین لە وەرزی هاویندا کەمتر بەردەداتەوە بێتە نێو هەرێمی کوردستان. بەڕێوەبەری ئاوی ئەو سنوورە دەڵێت، ئێستا دۆخەکە باشە.
سەلام عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی راپەڕین ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ساڵی 2017 ئێران بەنداوی کۆڵەسەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دروستکرد و بەگوێرەی پێویستیی خۆی ئاو بەردەداتەوە، ئەوەش بەردەوام کێشە بۆ ئێمە دروست دەکات."
سەلام عومەر گوتی، هەفتەی رابردوو ئێران سەرچاوەی ئاوی زێی بچووکی گرتەوە کە پرۆژەی ئاوی خاسی لەسەرە و سەرچاوەی ئاوی قەڵادزێیە، بەڵام دوو رۆژە دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە.
هەر ئەمڕۆ بەکر بایز، قایمقامی قەڵادزێ بە رووداوی گوت، "ئێران بەردەوام ئاوەکە دەگرێتەوە؛ بابەتەکە هێندە دووبارە بووەتەوە لای ئێمە ئاسایی بووەتەوە، بەڵام ئەم چەند رۆژە تاڕادەیەک دۆخەکە باشە و کێشەی ئاومان نییە".
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین ژمارەیەک حەوزی گەورەکردنی ماسی هەن. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی ئەوە هەیە کە زیاتر لە 250 حەوزی ماسی لەنێوچووبن.
خالد ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی راپەڕین ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "758 حەوزی ماسی لە سنوورەکەمان هەن. هیچ خاوەن حەوزێکی ماسی نەهاتووە سکاڵا تۆماربکات، یان بڵێت بەهۆی کەمیی ئاوەوە ماسییەکانی لەنێوچوون".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ