کوردستان
سەرکان رامانڵی، جێگری سەرۆکی هوداپار لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 15:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی هوداپار دەڵێت: پێویستە لە دەستووری نوێی تورکیادا، کوردی بکرێتە زمانی فەرمی. گوتیشی "ئەو کەسەی لە ئیستەنبووڵ هاونیشتمانییەکەی خەڵکی دهۆکی کوشت، کوردە و خەڵکی باتمانی باکووری کوردستانە."
دوو رۆژە شاندێکی هوداپار بە سەرپەرشتیی زەكەریا یاپیجیئۆغلوو، سەرۆكی گشتیی پارتەکە لە هەرێمی کوردستانە. ئەمڕۆ (چوارشەممە، 4-9-2024) سەرکان رامانڵی، جێگری سەرۆکی هوداپار لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 15:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە هیڤیدار زانا پێشکێشیکرد، رایگەیاند، ئەمە یەکەم سەردانیان نییە بۆ هەولێر، پێشتریش چەندین جار سەردانیان کردووە.
سەرکان رامانڵی گوتی، ''ئێمە، دەمانەوێت پەرە بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بدەین و جیا لە پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و یەگرتووی ئیسلامیی کوردستانیش کۆبووینەتەوە.''
''دەستووری ئێستای تورکیا لە بەرژەوەندیی خەڵکدا نییە''
چاوەڕوان دەکرێت دەستووری تورکیا سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە، جێگری سەرۆکی هوداپار ئاماژەی دا، ''تورکیا پێویستی بە دەستوورێکی نوێیە، ئەم دەستوورەی ئێستا لە بەرژەوەندیی خەڵکدا نییە و بەزۆر بەسەریاندا سەپێندراوە.''
بەگوتەی سەرکان رامانڵی، ئاستەنگییەکی زۆر لە دەستووری تورکیادا بۆ کۆمەڵێک بابەت دروست دەکرێت، ''چونکە بەگشتی لەبەرژەوەندیی مافی خەڵکدا نەنووسراوە. ئێمە پێشنیاز دەکەین دەستوورێکی نوێ و دادپەروەرانە لەلایەن کەسانی بێلایەنەوە بنووسرێتەوە، کە هەموو کەس مافی خۆی تێدا ببینێتەوە.''
''پێویستە کوردییش بکرێتە زمانێکی فەرمی''
سەرەڕای ئەوەی دوای تورک، نەتەوەی کورد زۆرینەی دانیشتووانی تورکیا پێکدەهێنێت، بەڵام زمانی فەرمیی وڵاتەکە تورکییە. جێگری سەرۆکی هوداپار ئەوەی خستەڕوو، ''پیویستە ناسنامەی کورد لە دەستووردا بنووسرێتەوە، حکومەت تەنیا حکومەتی تورک نییە، بەڵکو دامەزرێنەری دەوڵەتی تورکیا تورک و کوردن، بۆیە ئێمە نامانەوێت دەمارگرژی دروست بێت، 85 ملیۆن دانیشتووی وڵاتەکە، نابێ خۆیان بە بیانی بزانن، پێویستە مافی کورد پارێزراو بێت و کوردی بکرێتە زمانی فەرمی.''
''پێکەوەژیان باشترین چارەسەرە بۆ پرسی کورد''
وەک سەرکان رامانڵی دەڵێت، پێکەوەژیانی نەتەوەکان بەتایبەتی کورد و تورک لە تورکیا و باکووری کوردستان ئەستەم نییە، ''چونکە کورد لە سەرانسەری تورکیا بڵاوبوونەتەوە. بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە دەمانەوێت و بۆ گەلی کورد باشترە، پێکەوەژیانە، نەک بە شێوەی ئۆتۆنۆمی و فیدراڵی.''
سیستمی بەڕێوەبەریی ئێستای تورکیا لە جۆری کۆمارییە. جێگری سەرۆکی هوداپار پێیوایە، ''لە رێگەی حکومەتی ئێستاشەوە پێکەوەژیان جێبەجێ دەکرێت، ئێمە دەمانەوێت گەرەنتیی ئەوە بکرێت لە سیستمی ئێستاشدا بە دەستوورێکی دادپەروەرانە، کوردیش دەتوانێت خاوەنداریێتیی لە دەوڵەتی تورکیا بکات''.
بەپێی دەستووری تورکیا، کورد دەتوانێت لە رێگەی وانە بژاردەکانەوە بە زمانی دایک بخوێنێت، سەرکان رامانڵی ئاماژەی دا، ''ئەوە لە ئاستی پێویستدا نییە و بەداخەوە ئێمە خاوەنداریێتیمان لە وانە بژاردەکانیش نەکردووە، بەڵام خوێندن بە زمانی دایکی لە قۆناخی سەرەتاییەوە تاوەکو زانکۆ، مافی رەوای کوردە.''
"کوردێک هاونیشتمانییەکەی خەڵکی دهۆکی لە ئیستەنبووڵ کوشت''
شەوی 31ـی ئاب، هاونیشتمانییەک بەناوی حەکیم لوقمان لە دووبەیەوە لەگەڵ ئامۆزا و هاوڕێیەکی چووەتە ئیستەنبووڵ. دوو کاژێر دوای گەیشتنی، لە خواردنگەیەکی ئەکسەرای 12 کەس هێرشیان کردە سەری و بەر چەقۆ درا.
بە گوتەی ئەوانەی لەگەڵیدا بوون، هۆکاری هێرشکردنە سەر حەکیم ئەوە بووە کە بە زمانی کوردی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هاوڕێیەکی کردووە؛ جێگری سەرۆکی هوداپار لەمبارەوە گوتی، ''ئەو هۆکارەی باسکرا راست نەبوو، بووە هۆی ئاژاوەنانەوە، چونکە بەدواداچوونمان کرد، بکوژی هاونیشتمانییەکە تورک نییە، بەڵکو کوردە و خەڵکی باتمانی باکووری کوردستانە.''
''تورکیا و پەکەکە کۆبوونەوە دەکەن''
زیاتر لە 40 ساڵە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و تورکیا لە شەڕدان و گرژیی نێوانیان خاکی هەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە. سەرکان رامانڵی دەڵێت، تاوەکو ئێستا شەڕەکە هیچ ئەنجامێکی نەبووە و زیاتر لە 40 هەزار کەسیش کوژراون، بە سەتان گوند سووتێنراون و خەڵکی زۆر ئاوارە بوون.
جێگری سەرۆکی هوداپار ئاماژەی بەوە کرد، ''کورد لە هەرێمی کوردستان بەشێوەی ئاشتییانە دەژیت، هیچ لایەنێک مافی ئەوەی نییە ئەو ئاسایش و ئارامییە بشێوێنێت؛ ئێمە رازی نین شەڕ و پێکدادانی پەکەکە و تورکیا بگاتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان.''
سەرکان رامانلی ئەوەشی خستەڕوو، ساڵانە تورکیا و پەکەکە خۆیان لەسەر گرژییەکانیان کۆدەبنەوە و پێویستییان بە نێوبژیوانیی هیچ لایەنێک نییە، ''بەڵام مەسەلەی کوردی تورکیا لە رێگەی مەدەنیانەوە چارەسەر دەکرێت، نەك شەڕ و پێکدادان.''
بەشێک لە گرژییەکانی تورکیا و پەکەکە کێشراوەتە نێو خاکی رۆژئاوای کوردستانیش و بە پاساوی ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەلایەن پەکەکەوە بەڕێوەدەبرێت، تورکیا بەردەوام هێرش دەکاتە سەر شار و گوندەکانی ئەو ناوچەیە.
جێگری سەرۆکی هوداپاریش پێیوایە پەکەکە کارگێڕیی رۆژئاوای کوردستانی رێکخستووە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەژێر کاریگەریی ئەودایە، دەشڵێت، ''بەهۆی پەکەکەوە، ئیدارەکە هیچ رێکخستن، پارت و رێکخراوێکی مەدەنیی تێدا نییە؛ چونکە پەکەکە ئەوانەی قبووڵ نەکرد، ئەو سیستمەی ئەمڕۆ پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان رێکیخستووە، بە دڵی هیچ کوردێک نییە.''
سەرکان رامانڵی رەخنە لە گۆڕینی دیموگرافیای رۆژئاوای کوردستان لەلایەن تورکیاوە دەگرێت و دەڵێت، ''تورکیا وەک هەر وڵاتێکی دیکە مافی پاراستنی سنووری خۆی هەیە، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین گوندێکی کورد چۆڵ بکرێت و عەرەبی تێدا نیشتەجێ بکرێت، ئەوە دەبێتە هۆی ئاژاوەیەکی گەورە.''
جێگری سەرۆکی هوداپار کە هاوکات ئەندامی پەرلەمانی تورکیاشە ئاماژەی بەوە کرد، ''وەکو ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمان، داوام لە سەرۆکی لیژنەکە کردووە کە پەرلەمانتاران لە نزیکەوە سەردانی رۆژئاوای کوردستان بکەن بۆ ئەوەی ئاگاداری راستییەکان بن.''
سەرکان رامانڵی ئەوەشی خستەڕوو، ''باس لەوە دەکرێت ستەمێکی زۆر لەلایەن حکومەتی ئاکپارتییەوە (تورکیا) لە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان کراوە، ئەگەر راست بێت، پێویستە بکەرانی ئەم کارە سزا بدرێن. بەڵام تاوەکو ئێستا لەلایەن بەرپرسانی تورکیاوە هیچ ئیرادەیەک بۆ ناردنی لیژنەی دەرخستنی راستییەکان نەبینراوە، ئێمەش لە داوای خۆمان بەردەوام دەبین، تاوەکو قبووڵ دەکرێت.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ