رووداو دیجیتاڵ
شایەتحاڵیکی هێرشە درۆنییەکەی خەلەکان دەڵێت، کاتێک درۆن ئۆتۆمبێلەکەی بۆردوومان کرد، سوکان لە دەستی شۆفێرەکەی دەرچوو و بەرەو دەشتاییەکە رۆیشتووە. دەشڵێت، ''درۆنەکە هەر وازی لێنەهێنان و دووەمجار زۆر دژوارتر ئاگری بەسەردا باراندن.''
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 04-09-2024، لە سنووری شارۆچکەی خەلەکان لە قەزای دووکان ئۆتۆمبێلێک لە جۆری لاندکرۆز لەلایەن درۆنێکەوە هێریشی کرایە سەر کە لە ئەنجامدا باوکێک و دوو کوڕی کە خەڵکی گوندی ماخۆمەزنانی سەر بە ناحیەی سەنگەسەری قەزای پشدەر بوون، گیانیان لەدەستدا.
شاهۆ ئەمین، پێشکێشکاری بووڵتەنی کاژێر 08:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، دوای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد لەسەر رووداوەکە گوتی: "هەرسێکیان بە لانکرۆزی خۆیان لە سلێمانییەوە بەرەو حاجیاوا گەڕوانەتەوە کە درۆنەکە لێیداون.''
ئەو هاونیشتمانییەی کراوەتە ئامانج ناوی موزەفەر حوسێن خدرە و بەگوتەی شاهۆ ئەمین، جووتیار بووە، باوکی پێنج منداڵە کە دوو لە کوڕەکانی بە ناوەکانی محەممەد و موبین، تەمەن 19 ساڵ و 13 ساڵ بەهۆی هێرشەکەوە لەگەڵ خۆیدا گیانیان لەدەستدا.
پێشووتر چەندینجار لەلایەن تورکیاوە بە درۆن هێرشکراوەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان کە گیانلەدەستدانیشی لێکەوتووەتەوە. وەک شاهۆ ئەمین دەڵێت، ''درۆنەکەیان لە نزیک خەلەکان بۆ نێردراوە و دوای ئۆتۆمبێلەکەیان کەوتووە.''
شاهۆ ئەمین لە زاری یەکێک لە شایەتحاڵانەوە کە لەبارەی هێرشەکەوە قسەی بۆ رووداو کردووە گوتی، ''ئۆتۆمبێلەکە بە رێگەی خۆیدا دەڕۆیی، درۆنەکە نیشانەی گرت و لێیدا، سوکانی لە دەستی وەرگرت و لە جادە لایدا و بەرەو دەشتاییەکە چوو، درۆنەکە هەر وازی نەهێنا، ئەم جارە زۆر دژوارتر ئاگری بەسەردا باراندن.''
شایەتحاڵێکی دیکەی رووداوەکە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: ''تەرمی باوک و دوو کوڕەکەی لە نێو ئۆتۆمبێلەکەدا بە تەواوی سووتاون، دوای ماوەیەکیش لە هێرشەکە، درۆن هەر بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا سووڕاوەتەوە.''
هاوکات کامەران عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەکان بە رووداوی راگەیاند، تەرمی ئەو سێ کەسە بە جۆرێک سووتابوون، ناسینەوەیان قورس بوو. رووداوەکە لەنێوان گوندی مێرگەپاشا و خەلەکان روویداوە.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT) ـی ئەمریکی، کە ناوەڕاستی مانگی رابردوو بڵاویکردەوە، لەماوەی زیاتر لە 33 ساڵدا بەهۆی هێرشەکانی تورکیا و ئێرانەوە 845 کەسی سڤیل لە هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانی، لەو ژمارەیەش 425ـیان گیانیان لەدەستداوە، زۆرترین قوربانییەکانیش بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ