رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی ناوەندی بۆ تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان لە سلێمانی دەڵێت، رەزامەندی بۆ تاپۆکردنی خانووەکانی 7 گوندی سنووری سلێمانی وەرگیراوە و لە هەفتەی داهاتووەوە رێکارە کارگێڕییەکانی تاپۆکردنەکە دەستپێدەکات.
گوندەکان سەر بە قەزای ناوەندیی سلێمانین و بریتین لە گوندی کۆڵەبی، داربەڕووڵە، کانی پان، کانی سەفەر، کەڵەوانان، جێشانە و باڵچووخ.
دیلمان لەتیف، سەرۆکی لیژنەی ناوەندی بۆ تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان لە سلێمانی، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 04-08-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەو گوندانەدا تەنیا ئەو خانووانە تاپۆ دەکرێن کە پێش 31-12-2020 دروستکراون. ئەوانەی دوای ئەو رێککەوتە دروستکراون، بە زێدەڕۆ دادەنرێن."
لەو گوندانەی دیاریکراون هیچ زەوییەک تاپۆ ناکرێت. دیلمان لەتیف گوتی، "ئەو خانووانەی تاپۆ دەکرێن تەنیا پارەی تاپۆی زەوییەکانیان لێ وەردەگیرێت. لیژنەیەک نرخی زەوییەکە دەخەمڵێنێت و 5%ـی نرخی زەوییەکە وەردەگرێت."
لە راگەیێندراوێکدا سەرۆکایەتیی شارەوانی سلێمانی دەڵێت، ئەوانەی داواکارییان پێشکێش کردووە بۆ تاپۆکردنی خانووەکانیان، دەبێت ناسنامەکانیان ئامادە بکەن و چاوەڕوانی تەلەفۆنی لیژنە لاوەکییەکان بکەن.
شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، "یەکێک لە مەرجەکانی تاپۆکردن ئەوەیە، داواکار خاوەنی خانووەکە بێت. بۆیە ئەگەر کەسێک لە پاش داواکاریکردن خانووەکەی فرۆشتبێت و لەکاتی سەردانی لیژنە لاوەکییەکانماندا کڕیارەکە لە خانووەکەدا بێت، ئەوە تاپۆکردنی خانووەکە رەتدەکرێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ