رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستانی بە جێهێشتنی شنگال تۆمەتبار کرد، پارتی وەڵامی دایەوە و رایگەیاند، شەهید و برینداریان لە بەرگریی شنگالدا داوە.
دوێنێ 03ـی ئاب لە ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکاندا، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە هەزاران ئێزدی بوونە قوربانی و سەتان کچ و ژنی ئێزدی کران بە کۆیلە و کەنیزەک؛ "لەم کارەساتەدا کەسوکارمان لە ئێزدیان لەبەردەم شاڵاوی تیرۆرستاندا بە تەنیا هێڵدرانەوە، راکردن و کەمتەرخەمی هێزی پارتی فەرمانڕەوا کەمترین دەرفەتی بۆ بەرەنگاری و پارێزگاری هێشتەوە."
لەبەرامبەردا پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە بە راگەیێندراوێک وەڵامی یەکێتی دایەوە و رایگەیاند: "مەكتەبی سیاسی یەكێتی فرمێسكی تیمساحی بۆ كەسوكاری قوربانییانی ئەو كارەساتە رشتووە و هەوڵیداوە ئەو كارەساتە نیشتمانی و نەتەوەییە بۆ مەرامە بەرتەسكە سیاسی و حیزبیەكانی خۆی بقۆزێتەوە و راستییەكان بشێوێنێت."
راگەیێندراوەکەی پارتی بەناوی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی حیزبەکەوە بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، "هەموو خەڵكی كوردستان، تێكۆشەر و خەباتگێڕان و هێزی هاوپەیمانان شایەتی ئەوەن، ئەوەی لە شنگالدا خوێن و قوربانی و زیانی دا پارتی دیموكراتی كوردستان بووە. لە حوزنێكی گەورەی نیشتمانی وەك كارەساتی شنگال، پارتی وەك هەمووجار بە تەنیا مایەوە و بەتەنیا شانی دایە بەر بەرپرسیارێتی لە پەنادانی ئاوارەكان و رزگاركردنی رفێندراوەكان، هەروەها لە رزگاركردنی دەڤەری شنگال لە دەستی داعش."
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەرایی کارەساتەکەدا، وێڕای دووری و ئاستەنگەكانی بەردەمی، بە هێزێكی پوخت و کەم و شانبەشانی رێكخستنەکانی لە دەڤەرەكە دەستوبرد هێڵێكی بەرگری بۆ بەشێكی زۆری ئاوارە و لێقەوماوان دروستکرد بۆ بەرگرتن لەو نەزیفە نیشتمانییە و رزگارکردنی ئەوەی لە توانایدایە."
لە راگەیێندراوەکەی پارتی دیموکراتی کوردستاندا باس لە خەباتی "پێشمەرگەی پارتی" بۆ رزگارکردنی شنگال کراوە و ئاماژە بەوەشکراوە: "پارتی بۆ رزگاركردنی شنگال لە دەستی تیرۆریستانی داعش سەتان شەهید و برینداری بەخشی. ماوەی دوو ساڵ سەرۆك بارزانی خۆی لە بەرەكانی شەڕ مایەوە و تاوەکو شنگال ئازاد نەكرا، نەگەڕایەوە."
بەشی رۆشنبیریی و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان راشیگەیاندووە، "سەرۆك بارزانی ئەو بەڵێنەی گەیاندەسەر بە بابەشێخ و ئێزیدیەكانی دابوو، كە ئێزیدخان دەمێنێ و سەری داعش دەبێت بكەوێتە ژێر پێی رۆڵەكانی كوردی ئێزدی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ