رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژانی رابردوودا چەندین گەشتی ئاسمانیی نێوان وڵاتان راگیراون و هەڵوەشاونەتەوە. بەرپرسانی فڕۆکەخانەکانی هەولێر، سلێمانی و کەرکووک دەڵێن، ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کاریگەرییان لەسەر گەشتەکانیان نەبووە.
ئەمڕۆ (یەکشەممە 04-08-2024) بەرپرسێک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە هیچ گەشتێکی فڕۆکەخانەکەمان دوانەخراوە و هەڵنەوەشاوەتەوە. لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە دوو گەشتی تورکیامان هەبووە و بێ کێشە کراون."
بەگوێرەی ماڵپەڕی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لە 12 کاژێری رابردوودا گەشت بۆ ئەڵمانیا، ئوردن، قەتەر، تورکیا، میسر، ئیمارات هەبووە و بڕیارە ئەمڕۆش فڕۆکەیەک لە تارانەوە بگاتە هەولێر.
هەر ئەمڕۆ هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ کاژێر 10:30ـی بەیانی فڕۆکەیەک لە فڕۆکەخانەکەمانەوە گەشتی تورکیای کرد. هیچ کێشەیەک لە گەشتەکانمان رووینەداوە و بەگوێرەی خشتەکان بەڕێوەدەچن".
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بەهۆی بڕیارێکی تورکیاوە هیچ گەشتێکی ئاسمانی بۆ ئەو وڵاتە نییە.
ئەمڕۆ (یەکشەممە) بەرپرسێک لە فڕۆکەخانەکە بە رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ کێشەیەک بۆ گەشتەکانی فڕۆکەخانەکەمان دروست نەبووە کە هۆکارەکەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بووبێت."
بەگوێرەی ماڵپەڕی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، ئەمڕۆ گەشتی ئاسمانی بۆ ئوردن، قەتەر، سعودیە، ئیمارات و لوبنان دەکرێن، کە بەشێکیشیان کراون.
شڵەژانی زیاتری دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دوای ئەوە هات کە رۆژی 30-7-2024 ئیسرائیل فەرماندەیەکی دیاری حیزبوڵڵای بە ناوی فوئاد شوکر لە باشووری بەیرووتی پایتەختی لوبنان کوشت و رۆژێک دوای ئەوەش، شوێنی مانەوەی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستین لە تارانی پایتەختی ئێران کرایە ئامانج و کوژرا.
هەرچەندە فڕۆکەخانەکان دەڵێن دۆخی ناوچەکە گەشتەکانی رانەگرتوون، بەڵام هێڵی ئاسمانیی قەتەری دەڵێ بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە سەرجەم گەشتەکانی شەوانەی لە بەیرووتەوە بۆ دەرەوە هەروەها لە دەرەوە بەیرووت هەڵوەشاندووەتەوە، یان خشتەی گەشتەکەی گۆڕیوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ