راپۆرتی پشکنەری گشتی بۆ کۆنگرێس: ناکۆکیی پارتی و یەکێتی رێگرە لە یەکخستنەوەی پێشمەرگە

04-08-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتی پشکنەری گشتیی وەرزیی لەبارەی ئەرکەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا پێشکێشی کۆنگرێسی ئەمریکا کرد. راپۆرتەکە لەبارەی هاوئاهەنگیی هاوپەیمانانە لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە و رووداوەکانی نێوان 1ی نیسان و 30ی تەمموزی ئەمساڵ.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بەهۆی رێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتییەوە هیچ بەرەوپێشچوونێک لە گواستنەوەی هێزەکانی هەردوو یەکەی 70 و 80 بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە بەدی ناکرێت؛ باس لەوەشکراوە، پێکهێنانی لیوا هاوبەشەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان هیچ بەرەوپێشچوونێکی بەخۆیەوە نەبینیوە و ئەوەش بۆ نەبوونی بودجە دەگەڕێتەوە.
 
ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی بەربەستە لەبەردەم چاکسازی نێو هێزی پێشمەرگە
 
لەبارەی چاکسازییەکانی نێو هێزی پێشمەرگەی کوردستان، راپۆرتەکە دەڵێت، کلیلی سەرەکیی چاکسازییەکە گواستنەوەی یەکەی 70ی سەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و یەکەی 80ی سەر پارتی دیموکراتی کوردستانە، بەڵام تاوەکو ئێستا "روون نییە" ئەو دوو پارتە سیاسییە چۆن دەیانەوێت هێزەکانیان بگوازنەوە ژێر دەسەڵاتی "نا حیزبی" وەزارەتی پێشمەرگە.
 
راپۆرتەکە هۆکاری سەرەکیی نەگواستنەوەی یەکەکانی 70 و  80 بۆ کێشە سیاسییەکانی نێوانیان و "متمانەنەکردن"ی یەکێتی و پارتی بە یەکدی دەگەڕێنێتەوە؛ کێشەکانیش بە "قووڵ و بەردەوام" ناودەبات.
 
بە گوێرەی راپۆرتەکە، گواستنەوەی سێ لیوای یەکەی 70 بەهۆی نەبوونی کەرەستەی سەربازیی پێویست بۆیان لە نێو وەزارەتەکە دواخراوە. هاوپەیمانان دەڵێن، ئەو لیوایانە نیوەی ئەو کەرەستە سەربازییەیان لەبەردەستە کە پێویستیانە.
 
هێزی هاوپەیمانان ئەوەیان راگەیاندووە، هیچ کام لە یەکەکانی 70 و 80 زانیارییان لەبارەی گواستنەوەی کەرەستە سەربازی و پێشمەرگەکانیان بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە نەداوە بە هاوپەیمانان. هەروەها وەزارەتی پێشمەرگەش نەیتوانیوە هیچ زانیارییەکی هاوشێوە بۆ هاوپەیمانان بخاتەڕوو.
 
راپۆرتەکە باسی لەوە کردووە، نزیکەی 50 هەزار پێشمەرگە لە یەکەکانی 70 و 80دان و لە ژێر فەرمانی جیاوازدا لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە بەڕێوەدەبرێن، ئەوە لەکاتێکدایە، وەزارەتی پێشمەرگە لە 20 لیوادا تەنیا ناوی 54 هەزار و 384 پێشمەرگەی بە فەرمی تۆمارکردووە.
 
پێشنەکەوتنی توانای سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگە
 
راپۆرتی پشکنەری گشتی دەڵێت، هەرچەندە راوێژکارانی هێزی هاوپەیمانان لە چەند ئاستێکی جیاوازدا راوێژ بە وەزارەتی پێشمەرگە دەدەن، بەڵام هێزی پێشمەرگە هیچ بەرەوپێشچوونێکی لە توانای جەنگیدا بەدەستنەهێناوە؛ باسیش لەوە دەکات، تەنیا هێزەکانی کۆماندۆ کە لە نێو یەکەکانی 70 و 80 و هێزەکانی زێرەڤانیدان توانا جەنگییەکانی وەک چاودێریی چڕ، هێرشکردن و هەڵکوتانە سەریان هەیە.
 
بە گوێرەی راپۆرتەکە، ئەمریکا راوێژکاری و کەرەستەی سەربازیی بە شێوەیەکی راستەوخۆ نەداوەتە یەکەکانی 70 و 80 و زێرەڤانی، چونکە لایەنگری حیزبییان پێوە دیارە و لەژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەدا نین.
 
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، هێزەکانی 70 و 80 بە شێوەیەکی سنووردار پێکەوەکارکردنیان هەیە و زانیاری هەواڵگری ئاڵوگۆڕ ناکەن و ناشیدەن بە وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکە، بەڵام هێزی دژە تیرۆر و زێرەڤانی چەند ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی هاوبەشی دژە داعشیان لەگەڵ هاوپەیمانان و هێزە ئەمنییەکانی عێراقدا کردووە.
 
لیوا هاوبەشەکان
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، هێزی هاوپەیمانان بەردەوام هانی هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەدەن لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەیەکەوە کاربکەن، لەوانەش هاندانی پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەش لەو ناوچانەدا.
 
هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق گفتوگۆیان لەبارەی دروستکردنی لیواکانەوە کردووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەوە بەرەوپێشچوون نابینرێت. لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لە بودجەی عێراق کە حوزەیرانی ئەمساڵ پەسەندکرا، خەرجیی بۆ دوو لیوا دابینکراوە.
 
بە گوێرەی راپۆرتەکە، هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق ژمارەیەک ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان لەو ناوچانە ئەنجام داوە کە داعش جموجووڵی تێیاندا هەیە، ئەوەش بە هەنگاوێکی زۆر گرنگ دادەنرێت بە ئاراستەی هاوئاهەنگی و پێکەوەکارکردنی نێوانیان؛ باس لەوەشکراوە، ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری تایبەت بەو ناوچانە لە نێوان ژمارەیەک لیوای هێزی پێشمەرگە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و یەکەی 70 هەبووە.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، لیواکانی هێزی پێشمەرگە تەنیا دوای گوشاری هاوپەیمانان بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەشدارییان کردووە. چەندین جاریش هەبووە، راوێژکارە سەربازییەکانی هاوپەیمانان داوای بەشداریی پێشمەرگەیان لە ئۆپەراسیۆنەکان کردووە، بەڵام رەتکراوەتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.