راپۆرتی پشکنەری گشتی بۆ کۆنگرێس باس لە کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دەکات

04-08-2023
دیار کوردە @diyarkurda
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە دوایین راپۆرتیدا بۆ کۆنگرێس، چەند زانیارییەک لەبارەی کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان و عێراق و رۆژئاوای کوردستان بۆ ئەندامانی کۆنگرێس دەخاتەڕوو. لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدەدات، سەرباری ئەوەی هاوئاهەنگی لەنێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە زیاتربووە، بەڵام هیچ پێشکەوتنێک لە دروستکردنی هێزی هاوبەش لەنێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە رووینەداوە. دەشڵێت: "هێشتا روون نییە، کەی و چۆن هێزە سیاسییەکانی کوردستان [پارتی و یەکێتی] هێزەکانیان لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا رێکدەخەنەوە."
 
پشکنەری گشتیی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی کارەکانی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان، دۆخی ناوچەکە و رووداوەکانی ئەم دواییەی عێراق و سووریا و کوردستان، رۆژی هەینی، 04-08-2023، دوایین راپۆرتی چارەگی دووەمی ساڵی 2023 واتە لە 1ی نیسان تاوەکو 30ی حوزەیرانی 2023ی بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا بڵاوکردەوە.
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، هێزەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە هیچ دەستکەوتێکی گرنگیان لە رووبەڕووبوونەوەی داعش لە ناوچەکەدا بەدەستنەهێناوە، هاوکات ئەو فیرقە هاوبەشانەش کە بڕیاربوون دروستبکرێن، تاوەکو ئێستا هیچ بەرەوپێشچوونێکی بەخۆوەنەبینیوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هاوئاهەنگی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە ناوچەکە زیاتربووە. 
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، یەکێک لە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، گواستنەوەی هێزەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە بۆسەر وەزارەتی پێشمەرگە تاوەکو وەک یەک هێزی ناسیاسی لەژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەدابن، بەڵام تاوەکو ئێستا روون نییە، کەی و چۆن هێزە سیاسییەکانی کوردستان، هێزەکانیان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا رێکدەخەنەوە.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە ماوەی نێوان 1ی نیسانی 2023 تاوەکو 30ی حوزەیرانی 2023، گواستنەوەی سێ فیرقەی سەر بە یەکەی 70 بۆسەر وەزارەتی پێشمەرگە دواکەوتووە، ئەمەش بەهۆی ناکۆکی لەسەر ئاستی ئەو پێویستییە سەربازییانەی کە ئەو سێ یەکەیە دەیانبێت کاتێک دەگوازرێنەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
 
هەروەها لە بەشێکی راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی بوونەتە بەربەست لەبەردەم گواستنەوەی ئەو هێزانە بۆسەر وەزارەتی پێشمەرگە، کە راپۆرتەکە ناکۆکییەکانی بە "قووڵ و بێ کۆتا" ناوبردووە. ئاماژە بەوەش دراوە، هەریەکە لە هێزەکانی 70 و 80 خاوەنی نزیکەی 50 هەزار پێشمەرگەیەک دەبن، ئەمەش لەکاتێکدایە وەزارەتی پێشمەرگە خاوەنی نزیکەی 54 هەزار و 384 پێشمەرگەیە کە بایۆمەترییان بۆ کراوە. 
 
هەر لەم راپۆرتەدا، پشکنەری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لە رووداوە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و بە زەقی باس لە ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی و کاریگەری لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە و، نووسیویەتی ''ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، واپێدەچت هۆکاری بێتواناکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بن لە دانوستاندنەکانی لەگەڵ بەغدا.''
 
هاوکات، لەبارەی هێزەکانی سووریای دیموکرات -هەسەدە؛ راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەداوە کە هێزەکانی هاوپەیمانان لە مەشق و راهێنان بە هێزەکانی سووریای دیموکرات و هاوبەشیکردنیان لە شەڕی داعش بەردەوامن. 
 
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەشدا، ئاماژە بە هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان و هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکات و دەڵێت، تورکیا لە هێرشە درۆنییەکانیدا لە سووریا و بە ئامانجگرتنی سەرکردەکانی هەسەدە بەردەوامە کە راگەیاندنی تورکی ئەو سەرکردانە سەر بە پەکەکە ناودەبات، دەشڵێت ''تورکیا جیاوازی لە نێوان پەکەکە، کە لەلایەن ئەمریکا خراوەتە لیستی تیرۆرەوە، لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات کە هێزێکی هاوبەشی هێزەکانی هاوپەیمانانن، ناکات.''

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێک لە قەزای شنگالەوە. وێنە: رووداو

سەرژمێرى لە هەندێک ناوچەى کێشە لەسەرى نەینەوا دواکەوتووە

بەهۆى دواکەوتنى ئامادەکارییەکان و کەمى تیمەکان، سەرژمێرى لە چەند گوندێکى ناوچە کوردستانییەکانى پارێزگاى نەینەوا تەواو نەبووە. لە قەزاى شێخان بۆ 900 خێزان یەک بژمێر دانراوە، ئەوە لە کاتێکدا پارێزگارى نەینەوا دەڵێت: "سەرژمێرى خێزانەکان 100% تەواو بووە و تەنیا ناردنی زانیارییەکان ماوە".