رووداو دیجیتاڵ
ئەم رۆژانە بابەتی سەرەکیی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەڵبژاردنی شارەوانییەکانە. رۆژی سێشەممە 4ی حوزەیرانی 2024 لە دیبەیتێکدا کە دلبخوێن دارا، پێشکێشکاری رووداو پێشکێشی کرد، لەگەڵ میوانەکانیدا ئەو پرسەیان تاوتوێ کرد.
ساڵح گەدۆ، سکرتێری پارتی چەپی دیموکراتی سووریا کە پارتەکەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکە دەکات لە قامشلۆوە بەشدار بوو؛ عەدنان بۆزان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی یەکێتی کوردستان کە پارتەکەی بایکۆتی هەڵبژاردنی کردووە لە کۆبانێوە بەشدار بوو؛ مەحموود محەممەد، نوێنەری پارتی یەکێتی دیموکراتی کورد لە سووریا لە هەرێمی کوردستان کە پارتەکەی بەشداری هەڵبژاردنەکە دەکات و محەممەد عەلی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سووریا - پەدەکەسە کە بایکۆتیان کردووە، میوانی رووداو بوون.
لە سەرەتای دیبەیتەکەدا ساڵح گەدۆ گوتی، هەڵبژاردن مافێکی رەوایە بۆ خەڵک لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر. گوتیشی، "دەوڵەتی تورک و رژێمیش (حکومەتی سووریا) دژی هەڵبژاردنەکەن، ئەوەش ستەمێکە لە گەلی ئەم هەرێمە و پێکهاتەکانی ناوچەکە دەکرێت."
ساڵح گەدۆ گوتیشی، "هەڵوێستی وڵاتانی دۆستی کوردیش وەکو ئەمریکا، فەرەنسا و چەند دەوڵەتێکی ئەورووپییش کەمێک لاوازە. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دۆخەکە تاوتوێ دەکەن بۆئەوەی بڕیار بدەن هەڵبژاردنەکە دەکرێت یان نا و هەڵوێستی وڵاتانی دۆستی کوردیش لەبەرچاو دەگرن."
ساڵح گەدۆ گوتیشی، "بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەڵوێستی خەڵکیش لەبەرچاو دەگرێت؛ لە 48 کاژێری داهاتوودا روون دەبێتەوە هەڵبژاردن دەکرێت یان نا."
عەدنان بۆزان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی یەکێتیی کوردستان گوتی، "(پارتی یەکێتی دیموکراتی) - پەیەدە ئەم هەڵبژاردنە بە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی بەڕێوەدەبات و هیچ دانپێدانانێکی سیاسیی پێکهاتەکانی نییە؛ رێكکەوتنێکی سیاسی لەسەر ئەم هەڵبژاردنە لە ناوچەکەماندا نییە؛ ئەوەی هەیە پەیەدە خۆی دروستی کردووە و بەسەر خەڵکیدا دەسەپێنێت."
بۆزان پرسیاری کرد، "هەڵبژاردن بکرێت یان نا چی لە راستی دەگۆڕێت؟ خەڵک دەنگ بداتە کێ؟ دەنگ بداتە ئەوانەی ئێستا برسییان کردوون؟ هەڵبژاردنەکە هیچ رەوایەتییەکی سیاسیی نییە؛ ئەم هەڵبژاردنە پشتیوانیی هەرێمیی نییە و رێککەوتنی نێوخۆییشی بۆ نەکراوە."
لە بەرامبەر قسەکانی عەدنان بۆزاندا، ساڵح گەدۆ گوتی، "بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بوو رۆژئاوای کوردستان و باکوور و رۆژهەڵاتی سووریای رزگار کرد و 15 هەزار شەهید و 20 هەزار برینداری داوە، ئێستا ئەو (عەدنان بۆزان) دەڵێت گرێبەستی کۆمەڵایەتی! 27 حیزب بەشدارییان کردووە. کێ دەڵێت گرێبەستی کۆمەڵایەتیی پەیەدەیە؟ هەموو پێکهاتەکانیش تێیدا بەشدار دەبن."
مەحموود محەممەد، نوێنەری پارتی یەکێتیی دیموکراتی کورد لە سووریا لە هەرێمی کوردستان قسەی کرد و گوتی، "شارەوانی شوێنێکی گرنگە بۆ خزمەتی خەڵک؛ خواستی ئێمە ئەوەیە ئەنجوومەنیش هەڵبژێردرا، خاوەن بڕیاری خۆیان بن بێ دەستوەردان."
مەحموود محەممەد گوتیشی، "بڕیارمان دا بەشداریی هەڵبژاردن بکەین، بەڵام ئێستا گۆڕانکاری دروستبووە؛ سەرەتا حکومەتەکانی تورکیا و سووریا هەڕەشەیان دەکرد؛ ئێمە گوتمان ئەوانە ئاسایین، چونکە لە سەرەتای قەیرانی سووریاوە هەردوو رژێمەکە هەڕەشەیان کردووە، بەڵام گۆڕانکاری روویداوە. کاتێک گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، (کاتی ئەوە نییە هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت و دەبێت چارەسەرێکی ئاشتییانە و دیموکراسیانە بدۆزرێتەوە و پێویستە حکومەتی کاتی هەڵبژێردرێت و پاشان هەڵبژاردن بکرێت)، ئێمە ئەوە بە گڵۆپی سەوز دەبینین بۆ ئەردۆغان، کە جارێکی دیکە ناوچەکانی ئێمە تۆپباران بکات و رۆژی هەڵبژاردن درۆنەکانی دەستبکەنەوە بە هێرش."
محەممەد عەلی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سووریا - پەدەکەسە لە دهۆکەوە گوتی، ئەگەر رێککەوتنی ساڵانی رابردووی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا - ئەنەکەسە و پەیەنەکە پێکبهێندرایە، ئێستا هەڵبژاردن باشتر بەڕێوەدەچوو، نەوەک ئەوەی بڕیاری هەڵبژاردن "یەکلایەنە بێت."
مەحموود محەممەد، نوێنەری پارتی یەکێتیی دیموکراتی کورد لە سووریا لە هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، "هەڵبژاردنی شارەوانی بنچینەیەکی گەورەی خزمەتگوزارییە بۆ خەڵک. لیستی ئێمە سەربەخۆیە. دەستوەردان ببینین هەڵوێستمان دەبێت، لە کاتێکدا دۆست و دووژمن دەڵێن، ئەم ئیدارە تاکڕەوە. هەڵبژاردنەکەش خزمەتگوزارییە، نەوەکو سیاسی."
دلبخوین دارا لە محەممەد عەلی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەدەکەسەی پرسی، "زۆر کەس دەڵێن، بەهۆی ترس لە سەرنەکەوتنی بەربژێرەکانتان بەشداریی هەڵبژاردن ناکەن و پاساوی سیاسی دەهێننەوە، لە کاتێکدا هەڵبژاردنەکە سیاسی نییە و خزمەتگوزارییە. ئێوەش وەکو لایەنێکی سیاسی دەتانەوێت لە پڕۆسەی دیموکراسیدا بەشداری بکەن. دەی فەرموون بەشداریی هەڵبژاردن بکەن. جارێ هەڵبژاردن نەکراوە دەڵێن، دیموکراسی نییە و پەیەدە بەڕێوەی دەبات. هۆکار چییە؟"
لە وەڵامدا ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پەدەکەسە گوتی، "پەیەدە لە ساڵی 2012وە تاقیکراوەتەوە. ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا هیچ کاتێک لە هەڵبژاردنێکی شەفاف و پاک ناترسین، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە بایکۆت دەکەین، چونکە لەسەر بنەمایەکی یاسایی بڕیاری لەسەر نەدراوە. خەڵکی ئێمە و بەتایبەت ئەنەکەسە تێیدا بەشدار نییە و هاوبەشی بڕیارەکەش نین."
محەممەد عەلی گوتیشی، ئەوان نایەنەوێت بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن و رەوایەتی بدەنە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە کاتێکدا "چەندین ئەنداممان لە زینداندان لە رۆژئاوای کوردستان."
پێشکێشکاری رووداو لە ساڵح گەدۆ، سکرتێری پارتی چەپی دیموکراتی سووریای پرسی، "دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە گوایە کەسانێک بە خەڵک دەڵێن: دەنگ نەدەن، نە ئاو، نە نان و نە گازتان پێ نادرێت. تۆش بیستووتە؟"
لە وەڵامدا گەدۆ گوتی، "ئێمە لە گۆڕەپانەکەداین. ئەوە پڕوپاگەندەیەکە شەرمە باسیشی بکەین و هیچ بنەمایەکی راستی نییە. ئەو قسانە بە هیچ شێوەیەک ناکەونە خزمەتی یەکڕیزییەوە."
عەدنان بۆزانیش گوتی، "ئێمە وەکو پارتەکانی نێو ئەنەکەسە بەشداری هەڵبژاردنێک نابین تێیدا خاوەنی بڕیاری سیاسی نەبین. ئەمڕۆ بە هەڵبژاردنی شارەوانی ناتوانن هیچ گۆڕانکارییەکی راستەقینە لە گۆڕەپانەکەدا دروست بکەن."
بڕیارە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان 11ی ئەم مانگە لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەڕێوەبچێت و تێیدا نزیکەی سێ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
بۆ هەڵبژاردەنەکەدا 27 حیزب بەشداری دەکەن؛ بەگشتی 5 هەزار و 336 بەربژێریش کێبڕکێ دەکەن. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان هەزار و 802 ناوەندی هەڵبژاردنی کردووەتەوە و تێیدا دوو هەزار و 123 سندووق دادەنرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ