رووداو دیجیتاڵ
دوو ئاگر لە سنووری پارێزگای هەولێر کەوتنەوە، لە یەکێکیاندا 525 دۆنم زەویی بە گەنم چێندراو سووتا؛ ئەوی دیکەش لە کارگەیەکی ریسایکلین بوو و زیانی مادی هەبوو.
هەردوو رووداوەکە ئەمڕۆ سێشەممە 04-06-2024 روویاندا. موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رووداوی یەکەم لە سنووری گوندی سمایلاوا لە قەزای خەبات روویدا و 525 دۆنم زەوی بە گەنم چێندراو سووتا."
ئەو ئاگرە کاژێر 02:35ی پاشنیوەڕۆ لەلایەن 10 تیمی ئاگرکوژێنەوەوە کۆنترۆڵ کرا.
لەبارەی رووداوی دووەمەوە، شاخەوان سەعید گوتی، رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە کارگەیەکی ریسایکلینی کارتۆن کەوتەوە و بەهۆیەوە ئامێرێکی بەرزکەرەوە، کابینەیەک و ئامێرێکی کەبسکردن سووتان. گوتیشی، "بەگشتی ئاگرەکە زیانی 40 هەزار دۆلاری هەبوو."
ئاگری کارگەکە دوای 45 خولەک لە کەوتنەوەی و کاژێر 03:45ی ئێوارەی ئەمڕۆ کۆنترۆڵ كرا. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماژەی بەوەش كرد، لە هەردوو رووداوەکەدا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
بەگوێرەی بەرگریی شارستانیی هەولێر بۆ رووداو، لە پێنج مانگی ئەم ساڵدا لانیکەم 407 ئاگر لە سنوورەکە کەوتوونەتەوە؛ سێ رووداویان سووتانی زەوی بە گەنم چێندراو بووە؛ سێ رووداویشیان سووتانی کارگە بووە کە بەهۆیانەوە جگە لە زیانە مادییەکان، 19 کەس گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ