رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت داوایان لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان کردووە، لەو زیانانە ئاگاداریان بکەنەوە کە بەهۆی لافاوەوە بە گەنمی جووتیاران کەوتووە.
بەدواداچوونەکەی وەزارەتی کشتووکاڵ دوای ئەوە دێت، ماوەی پێنج رۆژە شەپۆلی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، ئاستی ئاوی بەنداو و پۆندەکان بەرزبوونەتەوە و لەو ناوچانەشی گەنمیان کاتی دروێنەی هاتبوو، هۆشداری بە جووتیاران درابوو.
رزگار حەمەد خدر، راوێژکار لە وەزارەتی کشتووکاڵی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (شەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "چاوەڕوانی وەڵامی بەڕێوەبەرایەتییەکانین، بزانین چەند زیان بە گەنم و جۆ کەوتووە. تاوەکو ئەمڕۆ هیچ راپۆرتێکمان پێنەگەیشتووە."
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان کاتی دروێنەی دانەوێڵەیە. مەترسییەکە لەکاتێکدا بوو، کە ئەگەری شکاندنەوەی قەدی گەنمەکان بەهۆی لافاو و تەرزەوە هەبوو. بەڵام وەکو رزگار حەمەد گوتی، لە گەرمیانیشەوە هیچ راپۆرتێکیان سەبارەت بە هەبوونی زیان پێنەدراوە.
زەوی بە گەنم چێندراو لە هەرێمی کوردستان 2.9 ملیۆن دۆنمە
ئەم ساڵ وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە رووپێوییەکدا ژمارەی دۆنمە بە دانەوێڵە چێندراوەکانی دیاریکرد؛ راوێژکاری وەزارەتەکە دەڵێت، زیاتر لە سێ ملیۆن دۆنم زەوی بە دانەوێڵە چێندراوە، کە لەو ژمارەیە 2 ملیۆن و 955 هەزار و 376 دۆنمیان بە گەنم چێندراوە.
رزگار حەمەد خدر گوتیشی، "زۆرینەی" پۆندەکانی سنووری گەرمیان بەهۆی بارانی زۆرەوە سەرڕێژ بوون و بەنداوی دەربەندیخانیش نزیکبووەتەوە لە سەرڕێژ بوون.
بەهۆی بارانبارینی چەند رۆژی رابردووەوە، دوێنێ لە قەزای قەرەداخ لە ئەنجامی لافاودا چوار هاونیشتمانیی کە شاخەوان بوون، خنکان، هەروەها ئاو چووە نێو چەند ماڵێکەوە لە شارە جیاکان و زیانی مادیی پێگەیاندن.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ و سبەی بەشێوەی لێزمەبارانی ناوبەناو شەپۆلی بارانبارینەکە بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ