رووداو دیجیتاڵ
لە یەکێک لە باڵەخانەکانی شاری سلێمانی، کرێکارێک لەکاتی کارکردندا کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا.
رووداوەکە نزیک کاژێر 10:00ی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە روویدا. سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کرێکارەکە تەمەنی 20 ساڵە و ناسنامەی سووریای پێبووە.
عوسمان زیندانی، سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای كرێكارانی بیناسازیی كوردستان بە رووداوی گوت، گەنجەکە کوردە و خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانیارییەکانی لە لقەکانی سەندیکای کرێکاران لە هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، ئەمساڵ 13 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە.
مردنی کرێکارەکان بەگوێرەی شارەکان بەمشێوەیە بووە؛ سلێمانی 8 کرێکار، هەولێر 4 کرێکار، دهۆک یەک کرێکار و لە هەڵەبجەش هیچ گیانلەدەستدانێکی کرێکار تۆمارنەکراوە.
سەندیکاکانی کرێکاران نەبوونی سەلامەتیی پیشەیی بە هۆکاری سەرەکی مردنی کرێکاران ناودەبەن.
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی لە هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، ساڵی رابردوو 73 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێری ئاماری یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان بۆ رووداو، ئاماری گیانلەدەستدانی کرێکاران لە شەش ساڵی رابردوودا بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:
- ساڵی 2022: 41 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2021: 37 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2020: 35 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2019: 38 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2018: 25 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2017: 16 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2016: 62 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ