رووداو دیجیتاڵ
لە رێگەی ورمێ - سەڵماسی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، چوار ئۆتۆمبێل پێکیاندا دا و حەوت کەس بریندار بوون.
ئێوارەی رۆژی هەینی 03-05-2024 لە رێگەی ورمێ - سەڵماسی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، چوار ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆری پراید، پیژۆ 206 و دوو پیژۆ 405 پێکیاندادا و لە ئەنجامدا لانیکەم حەوت کەس بریندار بوون.
حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری پارێزگای ورمێ رایگەیاند، دەستبەجێ تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و بریندارەکانیان گواستوونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
بە گوتەی حەمید مەحبووبی، هۆکاری سەرەکیی رووداوەکە تیژڕۆیی، بارانبارین و کەمبوونەوەی مەودای بینین بووە.
ساڵانە ژمارەیەکی زۆری خەڵک بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گیان لەدەستدەدەن.
رۆژی 7ی نیسانی 2024 ئەحمەد شیرانی، بەڕێوەبەری ناوەندی زانیاری و کۆنترۆڵی ترافیکی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران رایگەیاند، لە سەرەتای پشووی نەورۆز لە 15-03-2024ەوە تاوەکو ئەو کاتە 100 هەزار رووداوی هاتووچۆ لەو وڵاتە روویانداوە، لە ئەنجامدا 813 کەس گیانیان لەدەستداوە و 21 هەزار و 441 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ