گوتەبێژی پارتی سۆسیال: ئەندامە سڕکراوەکان دەتوانن بەشداری کۆنگرە بکەن

04-04-2024
پەیمان محەممەد
فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان
فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکرات دەڵێت، بەشێک لەو ئەندامانەی کە پێشتر رێکاری حیزبییان بەرامبەر گیرابووەبەر و بڕیاری سڕکردنیان درابوو، ئێستا مافیان هەیە بەشداری کۆنگرە بن''، گوتیشی، عەبدوڵڵای حاجی مەحموود ناتوانێت بەشدار بێت.

رۆژی پێنجشەممە 04-04-2024، فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد، رایگەیاند، کاژێر 10:00ـی ئەمڕۆ کۆنگرەی هەشتەمی پارتەکە دەستیپێکردووە، کە یەک رۆژ دەخایێنێت.
 
پێشووتر بڕیاری دوورخستنەوەی عەبدوڵڵای حاجی مەحموود کە پۆستی جێگری سەرۆکی پارتەکەی هەبوو، لە نێو ریزەکانی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان درابوو، د. فەرهاد تۆفیق لەوبارەوە گوتی، ''بڕیارەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیشەوە پەسندکراوە و پەیوەندی بە پارتەکەوە نەماوە، بۆیە ناتوانێت بەشداری کۆنگرە بکات.''
 
فەرهاد گوتیشی، ''بەشێک لەو ئەندامانەی کە پێشتر رێکاری حیزبییان بەرامبەر گیرابووەبەر و بڕیاری سڕکردنیان بۆ دەرکرابوو، بڕیارەکە تاوەکو بەستنی کۆنگرە بووە و ئێستا مافیان هەیە کە بەشداری لە کۆنگرەدا بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا ئامادەییان دەرنەبڕیوە بۆ بەشداریکردن.''
 
رۆژی 5ـی مانگی رابردوو کۆبوونەوەیەکی باڵای سۆسیال دیموکرات بە سەرپەرشتیی محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتەکە کرا، تێیدا بە "زۆرینەی دەنگ"ـی سەرکردایەتی بڕیاری دوورخستنەوەی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود درا.
 
دواتر عەبدوڵڵا حاجی مەحموود لە بارەگەی هەولێری پارتی سۆسیال دیموکرات، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "من، هەر جێگرم و بڕیارەکە نایاسایی و ناپەیڕەوی بووە."
 
ئەوە لەکاتێکدایە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەپێی نووسراوێک کە رۆژی چوارشەممە، 3ـی ئەم مانگە دەرچووە بڕیاری دوورخستنەوەی عەبدوڵڵای حاجی مەحموود بەپێی کۆنووسی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، پەسندکردووە.
 
محەممەد حاجی مەحموود، تاکە بەربژێری پۆستی سەرۆکی پارتەکەیە
 
وەک گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان گوتی، ''تاوەکو ئێستا تەنیا محەممەدی حاجی مەحموود خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی حیزب بەربژێر کردووە و هیچ ئەندامێکی دیکە داوای نەکردووە کە خۆی بەربژێر بکات."
 
فەرهاد تۆفیق ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆنگرەدا جگە لە محەممەدی حاجی مەحموود، دوو لە منداڵەکانیشی خۆیان بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتیی حیزبی بەربژێر کردووە. 
 
پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، کە لە ساڵی 1976 بەناوی بزووتنەوەی سۆسیالستی کوردستان دامەزراوە، لە پەیڕەو و پرۆگرامەکەیدا خۆی وەکو حیزبێکی نیشتمانی و نەتەوەیی دەناسێنێت، حیزبەکە تاوەکو ئێستا حەوت کۆنگرەی بەستووە و ئەمە کۆنگرەی هەشتەمە کە ئامادەکاری بۆ کراوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند کەسێک لەکاتی راوەماسی دا

لە دەریاچەی وان دەستبەسەر زیاتر لە پێنج تۆن ماسیی قەدەخەکراودا گیرا

بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ و دارستانەکانی وانی باکووری کوردستان دەڵێت، لە 15ـی نیسانی ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، دەستیان بەسەر پێنج تۆن و 650 کیلۆگرام ماسیی دارەخدا گرتووە کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە دەریاچەی وان راوکراون.