رووداو دیجیتاڵ
سەرپەرشتیاری گومرکی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، لە ساڵێکدا لە دەروازەی سنووریی مێهرانەوە بە بەهای زیاتر لە ملیارێک و 800 ملیۆن دۆلار شتومەک هەناردەی عێراق و وڵاتانی دیکە کراوە.
میرئاغا عەبدی، سەرپەرشتیاری گومرکی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان لەبارەی هەناردەی کاڵا لە دەروازەی سنووریی مێهرانەوە رایگەیاند، لە 21-03-2023ـوە تاوەکو 21-03-2024، بە بەهای ملیارێک و 811 ملیۆن دۆلار شتومەک، لەو دەروازە سنوورییەوە هەناردەی عێراق و وڵاتانی دیکە کراوە.
میرئاغا عەبدی گوتی، هەناردەی کاڵا لە دەروازەی سنووریی مێهرانەوە بەراورد بە ساڵی رابردوو (21-03-2022 تاوەکو 21-03-2023) ٪13 زیادیکردووە.
بە گوتەی سەرپەرشتیاری گومرکی ئیلام، رۆژانە لە رێگەی 600 بارهەڵگرەوە لە دەروازەی سنووریی مێهرانەوە شتومەکی وەکو کەرەستەی کشتوکاڵی، چیمەنتۆ، کاشی، بەرد، شیش و ئاسن هەناردەی عێراق دەکرێت.
دەروازەی سنووریی مێهران کەوتووەتەوە 85 کیلۆمەتریی باشووری رۆژئاوای شاری ئیلام کە بەهۆی نزیکیی زیاتری لە شوێنە پیرۆزەکانی شیعە لە عێراق، زۆرترین زیارەتکار هاتووچۆی پێدا دەکەن و یەکێک لە دەروازە سەرەکییەکانی نێوان ئێران و عێراقیشە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ