رووداو – هەڵەبجە
تەندروستیی هەڵەبجە دوای نۆ ساڵ لە بەپارێزگابوونی، هەمان ئەو بودجەیەی هەیە کە پێش بەپارێزگابوونی بۆی دابین کرابوو؛ رووی زۆرینەی گلەییەکانی خەڵک دوای بەپارێزگابوونی لەوێیە.
مام عوسمان و کاروان، دوو هاونیشتمانیی هەڵەبجەن و دەڵێن، خەڵک هەمووی بەدەست کەمیی پزیشک و دەرمان و نەخۆشخانەوە حاڵی پەشێوە.
کاروان سەڵاح، کاسبکارێکی ناو هەڵەبجەیە و بە رووداوی گوت، "لە هەڵەبجە هیچ نەخۆشخانە و پزیشکێکی سووتاویی لێ نییە، خەڵکی بۆ کێشەکانی سووتاوی و کێشەی نەخۆشیی دڵ راستەوخۆ رەوانەی سلێمانی دەکرێن، هەر ئەگەر سووکە نەخۆشییەکیش هەبێت دەتنێرنە سلێمانی."
عوسمان حوسێن، خانەنشینە و خەڵکی هەڵەبجەیە، دەڵێت، "خۆم ئەم هاوینە تووشی سکچوون بووم، ناردیانمە سلێمانی، پێشتریش لە ساڵی 2017 و 2022 دوو جار قەستەرە و باڵۆنی دڵم بۆ کراوە هەر لە سلێمانی، چونکە لێرە نەبووە."
زۆرینەی نەخۆشخانەکانی هەڵەبجە، رێکخراو و خێرخوازەکان دروستیان کردوون؛ بە نموونە سەنتەرێک کە تایبەتە بە نەشتەگەریی دڵ، خێرخواز دروستی کردووە، باڵەخانە و پزیشک و نەخۆش و هەموو شتی هەیە، ئەوەی کە نییە تەنها ئامێرەکانی نەشتەرگەرییە و حکومەت ساڵێکە بەڵێنی دابینکردنی داوە، بەڵام وەکو دەبینرێت، هەر دابین نەکراوە.
دکتۆر سوارە عەلی، پزیشکی پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی دڵە و ئەویش ساڵێکە چاوەڕێیە حکومەت ئامێر بۆ ئەو باڵەخانەیە دابین بکات، تاوەکو نەشتەگەریی قەستەرە و باڵۆنی لێ ئەنجام بدەن، باس لەوە دەکات، "زۆربەی کات نەخۆشەکان پێویستیان بە تیشک یان هەر پشکنینێکە بۆئەوەی بزانین کێشەی دڵیان هەیە یان نا دەبێت یەکسەر رەوانەی سلێمانییان بکەین، چونکە لێرە هیچمان نییە."
تەندروستیی هەڵەبجە گلەییەکانی لە خەڵک زیاترە و دەڵێن، چەند جارێک گرفتەکانی تەندروستیی شارەکەیان گەیاندووەتە سەرووی خۆیان، بەڵام بێ ئەنجام بووە.
د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە لەبارەی ئەو کەموکوڕیانەوە گوتی، "بەدەمەوە هاتنی حکومەت بۆ ئێمە لە ئاستێکی زۆر نزمدایە، ئەو برا گەورەیە نین کە دەبێت ببن، حکومەت دەبێت چۆن مامەڵە لەگەڵ دهۆک و سۆران و زاخۆ دەکات، بە هەمان شێوە مامەڵە لەگەڵ سلێمانیش بکات، بەڵام نەیکردووە و بە ئامار و داتاش سەلماندوومانە کە نەیکردووە."
تەنها لەو پارێزگایە، زیاتر لە 270 بەرکەوتووی چەکی کیمیایی هەن، کە 63 کەسیان پێویستیان بە نەشتەرگەریی چاندنی چاوە، بەڵام لە نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە کە تایبەت بەو کەسانە دروستکرا، بەهۆی دابین نەکردنی بودجە ناتوانرێت تاکە نەشتەرگەرییەکیشیان بۆ ئەنجام بدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ