رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە خوڕەمئاوای پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون. بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای ورمێش دەڵێت، بەفربارین و تەمومژ هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی رووداوەکانن.
ئێوارەی رۆژی شەممە، 13-02-2024، بەهۆی پێکدادانی ئۆتۆمبێلێکی تایبەت و بارهەڵگرێک لە رێگەی سەرەکیی خوڕەمئاوا- پێڵی زاڵی سەر بە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
موحسین ئادینەوەند، بەرپرسی فریاکەوتنی خێرای پارێزگای لوڕستان لەوبارەوە رایگەیاند، رووداوەکە لە نێوان ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری سەمەند و بارهەڵگرێک دروستبووە کە دوو کەس دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە.
موحسین ئادیوەند ئاماژەی بەوە کرد، سێ سەرنشینی دیکەی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە بۆ وەرگرتنی چارەسەر گەیێندراونەتە نەخۆشخانەیەکی شاری خوڕەمئاوا و ئێستا لەژێر چاودێریی چڕدان.
خوڕەمئاوا، ناوەندی پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە دەکەوێتە 490 کیلۆمەتریی شاری تارانی پایتەختی ئێران و بە گوێرەی راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران- 2016، ژمارەی دانیشتووانەکەی 373 هەزار و 416 کەسە.
''بەفربارین و تەمومژ دوو هۆکاری سەرەکیی رووداوی هاتووچۆن''
هاوکات بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پیژۆ لە رێگەی سەرەکیی سەڵماس- خۆی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان کەسێک بریندار بوو، کە بە گوتەی حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری رێکخراوی مانگی سووری پارێزگاکە، ئاستەنگی هاتووچۆ بەهۆی بەفربارین و تەمومژ، هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی رووداوەکانن.
ساڵانە ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە رووداوەکانی هاتووچۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گیانیان لەدەستدەدەن.
کەمال هادیانفەر، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران، رۆژی 26-11-2023، رایگەیاند، ''لە سەرەتای نەورۆزی 2023ـەوە زیاتر لە 12 هەزار کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و 300 هەزار کەسیش بریندار بوون، کە ژمارەی قوربانییان بەراورد بە [ساڵی 2022] 7.3 ٪ زیادی کردووە.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ