کوردستان
وێنەی کاتی پاککردنەوەی رێگەکە لە بەفر و رزگارکردنی گەشتیارەکان کە لەلایەن ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بڵاوکراوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند ئەو گەشتیارانەی لە چیای حەسەن بەگ و زۆزگ لەنێو بەفردا گیریان خواردبوو، ئەم شەو رزگارکران.
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە راگەیێندراوێکدا ئەمشەو، (یەکشەممە، 4-2-2024) دەڵێ، ژمارەیەکی زۆری گەشتیاران لە چیای حەسەن بەگ و زۆزک، بەھۆی شەپۆلی بەفربارینی ئێوارەی ئەمڕۆ، گیریان خواردبوو.
بەپێی راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران "هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران نووسینگەی تایبەت و سەرجەم تیمەکان، بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوە و گەیاندن، بەرگریی شارستانی و بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی راسپاردووە بۆ رزگارکردنی گەشتیاران و کردنەوەی رێگەکان، دوای هەوڵێکی زۆر و، پاککردنەوەی رێگەکان، سەرجەم گەشتیاران رزگار کران."
ئێوارەی ئەمڕۆ ئەندام جەبار، پەیامنێری رووداو گوتی، رێگەی سەری بەرد، کە لە سۆرانەوە دەچێت بۆ قەزای سیدەکان و رێگەیەکی یەک ساید و پێچاوپێچ و هەورازە، لە کاژێر 04:00ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 4-2-2024)ـەوە بەفربارین لێی بەردەوامە، گەشتیارەکان بەو رێگەیە چوونەتە چیای حەسەن بەگ.
پەیامنێرەکەی رووداو هەروەها رایگەیاند زیاتر لە 40 پاسی گەشتیاران کە نزیکەی 900 گەشتیاری کورد و عەرەبیان تێدابوو، لە چیای حەسەن بەگ گیریان خواردبوو.
ئەو بەفربارین و کەشە ساردە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنی پلەی گەرما نزیکەی چوار پلە دابەزی و بەفربارین لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و بەشێک لە قەزا و ناحیەکانی ناوچە شاخاوییەکان بەردەوام بوو.
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، شەپۆلی بارانبارینی ئەمڕۆ و سبەی کاریگەریی زیاتری لەسەر سنووری سلێمانی، ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و ناوچە شاخاوییەکانی رۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ