رووداو دیجیتاڵ
سەدان گەشتیار کە لەنێو زیاتر لە 40 پاسی گەشتیاریدا بوون، لەسەر چیای حەسەن بەگ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گیریان خواردووە، تیمەکان لە هەوڵدان رزگاریان بکەن، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی بەفربارین، کارەکەیان زەحمەتە.
ئەندام جەبار، پەیامنێری رووداو دەڵێ رێگەی سەری بەرد، کە لە سۆرانەوە دەچێت بۆ قەزای سیدەکان و رێگەیەکی یەک ساید و پێچاوپێچ و هەورازە، لە کاژێر 04:00ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 4-2-2024)ـەوە بەفربارین لێی بەردەوامە، گەشتیارەکان بەو رێگەیە چوونەتە چیای حەسەن بەگ.
پەیامنێرەکەی رووداو هەروەها رایگەیاند زیاتر لە 40 پاسی گەشتیاران کە گەشتیاری کورد و عەرەبن، لە چیای حەسەن بەگ گیریان خواردووە و "ئەوەی ئێمە بینیمان، تەنیا چوار لەو پاسانە، هاتنە خوارەوە و ئەوانەی دیکە لەوێ ماون."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، 900 گەشتیار لەسەر چیاکەن و گیریان خواردووە.
ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن، هێزی ئەمنی و بەرگریی شارستانی، هەروەها تیمەکانی پاککردنەوەی رێگە لەڕێگەی چەندین ئامێرەوە هەوڵدەدەن بگەنە گەشتیاران و رزگاریان بکەن.
ئەو شوێنەی گەشتیارەکان گیریان لێی خواردووە، لە نزیک بازگەیەکە لە سەر چیای حەسەن بەگ، پەیامنێری رووداو دەڵێ "گەشتیارەکان لەنێو پاسەکانیاندان و شۆفێرەکانی پاسەکان ناوێرن بجوڵێن، چونکە رێگەکە زۆر لێژە و لە بەشێکی رێگەکە بەربەست نییە، بەهۆی بەفری زۆرەوە مایەی مەترسییە بەسەریدا بڕۆن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ