رووداو دیجیتاڵ
ژینگەپارێزانی گوندی مارئاوای کامیارانی پارێزگای سنە هەڵمەتێکی نەمام چاندنیان دەستپێکردووە و داواش لە خەڵکی دەکەن بەشداریی بکەن.
ئومێد ئەحمدی، ژینگەپارێزێکی گوندەکەیە و باس لەوە دەکات، "ئەوان ئەم شتە سەرنجی راکێشاون، کە سرووشت هەزاران و ملیۆنەها ساڵە دروستی کردووە، ئەوان ئەو ئاسن، مس و ئەو کوچکە جوانکارییانە و ئەو مەوادە کانزایانە کە سرووشت هەزاران و ملیۆنان ساڵە دروستی کردوون، دەیانەوێت لە ژێر ئەو خۆڵە دەریبێنن و سەرمایەکانیان چەند بەرامبەر بکەن و پێخەفی ئاسوودەتر و ماڵی گەورەتریان هەبێت و گەشتی زیاتر بکەن."
ژینگەپارێزەکان دەڵێن، سەرمایەدارانی شارە گەورەکانی ئێران لە هەوڵی ئەوەدان، کانی لم، ئاسن و خۆڵی ئاسن لێبدەن کە ئەوە زیانی زۆری بۆ ژینگە دەبێت.
ئامانج قوربانی، ژینگەپارێزێکی دیکەیە و لە هەڵمەتەکە بەشداربووە و ئاماژە بەوە دەکات، "ئێمە هاتووین بڵێین ئەو کەسەی ئاژەڵدارە و ئەو کەسەی سامانێکی هەیە لەو کەژ و کێوە بەڕەڵای دەکات، ئەویش بەرپرسیار بێت لە ئاست ئەو ژینگەیە و بێت بە ئەندازەی ئەو سامانەی بەکاریدەهێنێت و کەڵکی لێ وەردەگرێ، بەرپرسیار بێت و هەست بەرپرسیارێتی بکات. ئەو کەسانەی کارگە و کانیان هەیە و خەریکن باڵەخانەکان بەرز دەکەنەوە و سەرمایە کۆ دەکەنەوە، کاتێک پیسی هەوا و ژینگە هەیە یان کەم ئاوی و ناخۆشییەک هەیە ئەوە هەموومان دەگرێتەوە. پێویستە ئەوانیش بێنە نێو کۆمەڵگەکەی خۆیان و لەگەڵ ئێمە دەست بخەینە دەستی یەک و بەرژەوەندیی تاکەکەسی و بنەماڵەکانیان کەم بکەنەوە بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە ئەم سەروەت و سامانە بپارێزین."
خەڵکی مارئاوا چوار ساڵە دژی تێکدانی ژینگەی ناوچەکەیان دەوەستنەوە،کردوویانەتە نەریت و دژی لێدانی ئەو کانانە، هەڵمەتی نەمام چاندن بەڕێوەدەبەن.
هەوڵەکانی دانیشتووانی گوندەکەش بووەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی کار لە کانەکاندا نەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ