رووداو دیجیتاڵ
ماوەی سێ رۆژە هاونیشتمانییان لە ناحیەی خەلەکان بەهۆی کەمیی کاژێرەکانی کارەبا و خزمەتگوزارییەوە، رێگەی نێوان سلێمانی – هەولێریان بەڕووی هاتووچۆی بارهەڵگراندا داخستووە و دەڵێن، تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، رێگەکە ناکەنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 04-01-2024، بۆ رۆژی سێیەم دانیشتووانی نزیکەی 35 گوندی خەلەکان و شارۆچکەی خدران و لە نزیک گوندی باداوان رێگەیان بەڕووی ئۆتۆمبێلی تانکەر و بارهەڵگرەکاندا داخستووە و بۆ کردنەوەی رێگەکەش خوازیاری جێبەجێکردنی داواکارییەکانیانن.
بە گوتەی ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، بە درێژایی درێژایی زیاتر لە 10 کیلۆمەتر لە هەردوو لای رێگاکە وەستاون، نە رێگەی گەرانەوەیان هەیە و نە رێگەی دەرچوون.
ئەو شەقامگرتنە شۆفێری بارهەڵگرەکانی نیگەران کردووە. دانیشتووانی گوندەکانیش دەڵێن، بەهۆی ئەوەی پێشتر ئەزموونی لەو جۆرە گردبوونەوانەیان هەبووە، تاوەکو رێگەکە بە تەواوی نەگرن، کەس بە دەم داواکارییەکانیانەوە نایات.
جگە لە زیادکردنی پێدانی کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی، داواکارییەکی دیکەی گوندنشینانی دۆڵی خەلەکان چاککردنی 30 کیلۆمەتر رێگەی گوندی بێستانەیە بۆ قەزای دووکان کە زیاتر لە 12 ساڵە تەواونەکراوە. هاونیشتمانییەکی ناڕازی لەوبارەوە بە پەیامنێری رووداوی گوت، تاوەکو ئێستا کەس بە دەم داواکارییەکانیانەوە نەهاتووە.
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوە کرد، نەبوونی کارەبای نیشتمانی کاریگەری خستووەتە سەر دابینکردنی ئاوی گوندەکان و ئێستا کێشەی کەمیی ئاویشیان هەیە، باس لەوەش دەکات ''تائەو کاتەی بەرپرسەکان بەڵێنمان پێ نەدەن، بۆمان واژۆ نەکەن کە داواکارییەکانمان جێبەجێ دەکرێت، رێگەکە ناکەینەوە، تەنانەت ئەگەر دوو مانگی دیکەش درێژەی هەبێت.''
هاونیشتمانییانی ناڕازی بڕیاریان داوە بە شەو و بە رۆژ لە شوێنی داخرانی رێگەی بارهەڵگران بمێننەوە و تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، شوێنەکە چۆڵ نەکەن.
کامەران عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری شارۆچکەی خەلەکان لەوبارەوە بە رووداوی گوت، "ئەوەی کە ئەوان دەیکەن بە حەق و رەوای دەزانم، چونکە ناحەقی و نادادییەکی زۆر هەیە لە دابەشکردنی کارەبا و لە خزمەتگوزاری رێگەوبان لەم سنوورەدا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ