رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی بارینی بەفر و باران، ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە رووبارەکان و کەمبوونەوەی مەودای بینین لە پارێزگاکە هەیە و دەشڵێت، ناسەقامگیریی کەشوهەوا تاوەکو رۆژی شەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
بەپێی پێشبینیی کەشناسیی پارێزگای ورمێ، لە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 04-01-2024ـەوە، شەپۆلێکی باران و بەفر پارێزگاکە دەگرێتەوە و ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە رووبارەکان و بەرزبوونەوەی ئاو لە شۆستە و شەقامەکاندا هەیە.
کەشناسیی پارێزگای ورمێ دۆخی زەردی هۆشداری داوە و دەڵێت، لە ناوچە شاخاوییەکان مەودای بینین کەم دەبێتەوە، داوا لە هاووڵاتییانیش دەکات لە دەوروبەری رووبارەکان دووربکەونەوە.
هاوکات هۆشداریش دەدات جگە لە کاتی پێویست، لە رێگەی نێوان شارەکان و لە ناوچە شاخاوییەکاندا هاتووچۆ نەکرێت، لە ئەگەری هاتووچۆشدا دەڵێت، ''شۆفێرەکان ئامێری پێویست و کەرەستەی تایبەت بە کەشوهەوای سارد و بەفراوییان پێ بێت.''
بە گوێرەی کەشناسیی ورمێ، شەپۆلەکە تەواوی ناوچەکانی پارێزگا دەگرێتەوە و داواش لە تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر رووداوێکی نەخوازراو ئامادە بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ