رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی پاوەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو هاتووچۆی خەڵک بە ئۆتۆمبێلی خۆیان لە دەروازەی سنووریی شوشمێ کە دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانی کرماشان و هەڵەبجە، دەستپێدەکات.
عەلیڕەزا حەیدەری دەڵێت، دوای ئەو رێککەوتنانەی لە نێوان بەرپرسانی شاری پاوە و بەرپرسانی هەڵەبجەی عێراقدا کراون بە مەبەستی هاتووچۆی خەڵک بە ئۆتۆمبێلی خۆیان لە دەروازەی سنووریی شووشمێ، پرۆسەکە لە ماوەیەکی نزیکدا دەستپێدەکات.
بە گوتەی حەیدەری، هەفتەی داهاتوو لە رێوڕەسمێکدا دەستپێکردنی هاتووچۆی خەڵک بە ئۆتۆمبێلی خۆیان لە رێگەی دەروازە سنوورییەکەوە رادەگەیێندرێت.
قایمقامی پاوە روونیکردەوە، ئێستا هاتووچۆ بە ئۆتۆمبێل لە دەروازەی سنووریی شوشمێ نییە و داوای لە خەڵکی ناوچەکە کرد، تاوەکوو بە شێوەیەکی فەرمی پرۆسەی هاتووچۆ بە ئۆتۆمبێل لە سنوورەکە دەستپێبەکات، بە ئۆتۆمبێلی خۆیان سەردانی دەروازەی سنووریی شوشمێ نەکەن.
رۆژی یەکشەممە، 1ی کانوونی یەکەمی 2024 لە زاری بەرپرسانی پارێزگای هەڵەبجەوە راگەیێندرا، هاتووچۆی گەشتیاری و خەڵک بە ئۆتۆمبێلی خۆیان لە دەروازەی سنووریی تەوێلە-شوشمێ دەستیپێکردووە، بەڵام دواتر لەلایەن بەرپرسانی پارێزگای کرماشانەوە رەتکرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ