رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای لۆرستانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، ئەم ساڵ زیاتر لە 9 تۆن مادەی هۆشبەر لە سنووری ئەو پارێزگایە دەستی بەسەردا گیراوە و نزیکەی دوو هەزار و 500 قاچاخچی و فرۆشیاری مادەی هۆشبەریش دەستبەسەر کراون.
ئەمرۆ یەکشەممە، 3ـی کانوونی یەکەمی 2023، یەحیا ئیلاهی، بەڕێوەبەری پۆلیسی لۆرستان ئامارەکانی ئەم ساڵی تایبەت بە قاچاخچێتی مادەی هۆشبەر و چەک و هەروەها دزی لە سنووری ئەو پارێزگایە بڵاو کردەوە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی لۆرستان رایگەیاند، لە نەورۆزی ئەم ساڵەوە تائێستا، 9 تۆن و 344 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لەو پارێزگایە دەستی بەسەردا گیراوە و 30 باندی گەورەی قاچاخچێتی مادەی هۆشبەر هەڵوەشێنرانەوە.
یەحیا ئیلاهی گوتی، "لەو ماوەیەدا 270 قاچاخچی مادەی هۆشبەر و دوو هەزار و 225 فرۆشیاری مادەی هۆشبەر لە لۆرستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراون."
ئاماژەی بە قاچاخچێتی چەک و تەقەمەنیش کرد و رایگەیاند، "لەو ماوەیەدا سێ هەزار و 307 چەکی جۆری جەنگی و راو دەستیان بەسەردا گیراوە."
سەبارەت بە ئامارەکانی دزیکردنیش، بەڕێوەبەری پۆلیسی لۆرستان دەڵێت، "لە ماوەی هەشت مانگی رابردوودا، چوار هەزار و 211 دز و 161 کەسیش بە تۆمەتی کڕینی کەلوپەلی دزی لەو پارێزگایە لە لایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستبەسەر کراون."
بە گوتەی یەحیا ئیلاهی، "یەک هەزار و 165 ئۆتۆمبێل و ماتۆرسکیلی دزراویان بۆ خاوەنەکانیان گەڕاندووەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ