ئایدن مەعرووف: هیچ دەستوەردانێک لە کاروباری پێکهاتەکان قبووڵ ناکرێت

03-12-2023
پەیمان محەممەد
ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان داوا لە دادگەی فیدراڵی دەکات ئەو سکاڵایەی دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە رەتبکرێتەوە. دەشڵێت، ''سکاڵاکە مەبەستی سیاسی لەپشتە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر پێکەوەژیان دەبێت.'' 
 
رۆژی یەکشەممە، 03-12-2023، ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سکاڵایەک کە لە دادگەى فیدراڵیى عێراق دژى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکراوە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا داوای لە دادگەکە کرد رەتیبکاتەوە.
 
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەممە، 03-12-2023 دادگەکە بۆ بڕیاردان لەبارەی سکاڵایەک کە پێشتر دوو سکاڵا بوون و یەکخراون لە دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 1992ـی هەموارکراو، کۆببێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا. ئایدن مەعرووف لەوبارەوە گوتی، ''سکاڵاکە مەبەستی سیاسی لەپشتە و کاریگەریی نەرێنی دەخاتە سەر رەوشی پێکەوەژیانی پێکهاتەکان.''
 
سکاڵاکان لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان و ئامانج نەجیب شەمعون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمار کراون کە پەیوەندییان بە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، کورسیی کۆتاکان، تۆماری دەنگدەران و بازنەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە.
 
 
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیای رووداو، لایەنى سکاڵاکار لە دادگەکەدا پرسیاریان کردووە، "بۆچى پەرلەمانى کوردستان لە ساڵى 2004 هەموارى مادەى 9ـی یاسای هەڵبژاردنەکانى کردووە؟" 
 
ئەگەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە یاسای ساڵی 1992 بکرێت، ئەم یاسایە کورسیی کۆتای تایبەت بە تورکمانی لەبەرچاو نەگرتووە، بۆیە رەنگە ئەو پێکهاتەیە لە بەدەستهێنانی کورسیی کۆتا بێبەش بێت. وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ''بوونی کورسیی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان بە یاسا گونجێندراوە و دەبێ مافی پێکهاتەکان لەبەرچاوبگیرێت.''
 
ئایدن مەعرووف پێیوایە مەسەلەی کۆتا بەسیاسیی کراوە و و هەندێک لایەن دەستوەردان لە کاروباری پێکهاتەکاندا دەکەن ''پێکهاتەکان لایەنێک نین لە کێشە سیاسییەکان و هیچ کاتێکیش نامانەوێت لایەنێک بن لە کێشەکان.''
 
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ئەوەشی خستەڕوو، ''گرنگە مەسەلەی کۆتا دووربخرێتەوە لە کێشە سیاسییەکان و نەخرێتە ململانێی سیاسیی لایەنەکانەوە، لەبەرئەوەی بوونیان پاڵپشتیی پێکەوەژیانی نەتەوە و ئایینەکانە.''
 
ئایدن مەعرووف هەر گۆڕانکارییەکی کورسیی کۆتا لە دەرەوەی راوێژ لەگەڵ نوێنەری پێکهاتەکان، بە دەستوەردانێکی راستەوخۆ لە کاروباریان دەزانێت و دەڵێت، ''لە ئەگەری هەر دەستوەردانێکدا هەڵوێستمان دەبێت و ئەمە مافی یاسایی خۆمانە.''
 
بڕیارە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات، کە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، رۆژی 25-02-2024 دیاریکراوە.
 
کۆمیسیۆن پێشنیاز دەکات 11 کورسییەکەی کۆتای پێکهاتەکانی پەرلەمانی کوردستان بە پشتبەستن بە یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دابەش بن بەسەر سلێمانی (4 کورسی)، هەولێر (4 کورسی) و دهۆک (3 کورسی). وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان دابەشکردنی ئەو 11 کورسییە بە کارێکی ''هەڵە'' ناو دەبات و دەڵێت، ''لەگەل ئەوەداین بە یەک بازنە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشداربین.''
 
پەرلەمانی کوردستان 111 کورسی هەیە؛ 11یان کورسیی پێکهاتەکانن. پێشتر یەکێتی، پارتی، گۆڕان و پێکهاتەکان چەندین کۆبوونەوەیان کرد و نەگەیشتن بەرێگەچارە بۆ ئەو 11 کورسییە کە پێکهاتەکان دەڵێن، نابێت لایەنەکانی دیکە دەستوەردان لە کاروباریان بکەن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک ئاسایشی سووریا لە نزیک دیمەشق جێگیر کراون. وێنە: AFP

بەڕێوەبەرایەتیى خۆسەر لەبارەى رووداوەکانی سووریا: رێگەچارەی سەربازى هەرگیز ئەنجامى نەبووە

بەڕێوەبەرایەتیى خۆسەرى هەرێمى باکوور و رۆژهەڵاتى سووریا رایگەیاند، نیگەرانن لەو پێشهاتانەى لە شارەکانى سەحنایا و جرمانا روویانداوە و دەڵێت، "رێگە چارەى سەربازیى هەرگیز ئەنجامى نەبووە لە مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوەکانى سووریا".