رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هاوپەیمانیی مەشخەڵی کەرکووک دەڵێت، هەندێک لایەنی عەرەب و تورکمان دەیانەوێت بە یاسایەک هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکە دوابخەن. گوتیشی، "زیاتر لە 80 هەزار دەنگدەری کوردی کەرکووک لە دەرەوەی شارەکەن."
رۆژی یەکشەممە 03-12-2023 یوسف ئەحمەد، سەرۆکی هاوپەیمانیی مەشخەڵی کەرکووک، کە لیستی هاوبەشی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەرییە، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی کرد، رایگەیاند، "ئاستی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە ناوچە کوردییەکان، بەراورد بە ناوچەکانی دیکە گەرمترە."
یوسف ئەحمەد گوتیشی، "کزبوونی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ناوچە عەرەبی و تورکمانییەکان دەستێکی لەپشتە و ئەوان سەرقاڵی ئەوەن لە رێگەی یاسایەک لە دادگەی فیدراڵی کۆتایی بە بانگەشەی هەڵبژاردن بهێنن، بۆئەوەی بتوانن هەڵبژاردن دوابخەن."
بە گوتەی سەرۆکی هاوپەیمانیی مەشخەڵی کەرکووک، دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەرژەوەندیی پێكهاتەی عەرەبە، "چونکە بەبێ هەڵبژاردن پۆستی پارێزگاری کەرکووکیان وەرگرتووە و کورد لە دەسەڵاتدا نەماوە، ئەنجوومەنی پارێزگاکەش هەڵوەشێندراوەتەوە و بە ئارەزووی خۆیان بڕیار دەدەن، بۆیە ترسی ئەوەیان هەیە ئەمجارە کورد بتوانێت زۆربەی کورسییەکانی ئەنجوومەن بەدەستبهێنێتەوە."
بڕیارە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 18-12-2023 بەڕێوەبچێت، ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک 15 کورسییە؛ ژمارەى دەنگدەرانى پارێزگاکە 870920 دەنگدەرە؛ 813590ـیان گشتین و 570330ـیشیان لە دەنگدانى تایبەت بەشدار دەبن. یوسف ئەحمەد گوتیشی، "دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر ستەمێکی زۆر لە هاونیشتمانییانی کورد کراوە و ئێستا زیاتر لە 80 هەزار دەنگدەری کوردی کەرکووک لە شار و شارۆچکە جیاجیاکانی کوردستان دەژین، ئەوەش کاریگەریی لەسەر پێکهاتەی شارەکە و ئەنجامی هەڵبژاردن دەبێت."
سەرۆکی هاوپەیمانیی مەشخەڵی کەرکووک ئەوەشی خستەڕوو، داوایان کردووە بۆ رێگری لە فەوتانی دەنگی ئەو 80 هەزار کوردەی دەرەوەی کەرکووک، سندووقی دەنگدانیان لە ناوەندێکی دیاریکراودا بۆ تەرخان بکرێت و وەکو دەنگدەری شاری کەرکووک مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، یان کارئاسانییان بۆ بکرێت بگەڕێنەوە نێو کەرکووک و ئازادانە دەنگی خۆیان بدەن.
کورد لە کەرکووک بە پێنج لیستی جیا بەشداری هەڵبژاردن دەکات؛ یەکێتی و حیزبی شیوعی کوردستان بە هاوپەیمانیی "کەرکووک هێز و ئیرادەمانە" بە ژمارە 142؛ پارتی دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە 197؛ یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی بە هاوپەیمانیی مەشخەڵی کەرکووک بە لیستی ژمارە 163؛ پارتی سوسیالیست دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە 202 و جووڵانەی نەوەی نوێ بە لیستی ژمارە 167 بەشدارن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ