تەم بەشێکی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە

03-12-2022
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە تەم زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە. لە هەندێک شوێن کۆتایی هاتووە، بەڵام کاریگەریی لەسەر هەولێر ماوە. کەشناسێک دەڵێت، سبەی دووبارە لە سنووری هەولێر تەم و لە سلێمانی بای سارد دەبێت. 
 
رۆژی شەممە، 3-12-2022، ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تەمی ئەمڕۆی هەولێر دوای نیوەڕۆ کۆتایی دێت، بەڵام لە کاژێر 10:00ـی ئەمشەوەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی شێ دووبارە تەم دروست دەبێتەوە، بەتایبەت لە سنووری هەولێر و دەشتاییەکانی کەرکووک".
 
ئاراس جەبار ئاماژەی بەوەش کرد کە لە سلێمانی تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەمێکی چڕ هەبوو و دواتر کاریگەریی کەمبووەوە؛ گوتیشی: "جگە لە سنووری هەولێر و دەشتاییەکانی کەرکووک، لە ناوچەکانی دیکەی باشووری کوردستان ئەگەری تەم بۆ سبەی نابێت، بەڵام سبەی بایەکی تووندی سارد سلێمانی و دەوروبەری دەگرێتەوە و تاوەکو نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە بەردەوام دەبێت".
 
گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر رێنمایی هاونیشتمانییان دەکات بۆ ئەوەی لە کاتی شۆفێریدا بەهۆی هەبوونی تەمەوە لە مەترسیی رووداوەکان دوور بن. ئەمڕۆ شەممە، فازڵ حاجی، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەبێت خێرایی لێخۆڕین کەمتربکرێتەوە لەوەی کە هاتووچۆ دیاریکردووە و بە ئاگاییەوە شۆفێری بکرێت، چونکە مەترسییەکانی سەر رێگە درەنگ دەبیندرێن".
 
گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر هەروەها دەڵێت: "زۆر گرنگە شۆفێران تێپەڕاندن نەکەن، بەتایبەت لە رێگە یەک سایدەکاندا، بۆ نموونە رێگەی کۆیە - هەولێر. لەکاتی تەمدا لە بەرزاییەکاندا مەودای بینین بۆ چەند مەترێک کەم دەبێتەوە، پێچەکان نابیندرێن و خێرایی لێخوڕین کارەسات دروستدەکات. ئەمڕۆ لە پێچێکدا [بەهۆی تەمەوە] بارهەڵگرێک لە رێگەی دهۆک - رۆڤیا وەرگەڕا".
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا پێشبینییەکانی بۆ رۆژی یەکشەممە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: "ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و لە ئێوارەدا دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو. پلەی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوی رۆژی پێشووتر".
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینیی پلەی گەرمای رۆژی یەکشەممەی باشووری کوردستانی بەمشێوەیەی خوارەوە خستووەتەڕوو:
 
هەولێر: 18پلەی سیلیزی
سلێمانی: 18 پلەی سیلیزی
دهۆک: 18 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 18 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 20 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 19 پلەی سیلیزی
سۆران: 16 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 21 پلەی سیلیزی

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە