رووداو دیجیتاڵ
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند، ئەم ساڵ نۆیەمین کۆنگرەی حیزبەکە بەڕێوەدەبەن. کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی حیزبەکە دەڵێت، لە سبەیەوە لیژنەکانی ئامادەکاریی کۆنگرە دەستبەکار دەبن.
ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان دوای کۆبوونەوەی رایگەیاند، بڕیاریانداوە ئەم ساڵ کۆنگرەی حیزبەکە بەڕێوەببەن.
مستەفا عەبدوڵڵا، کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەم دوو مانگەی ئەم ساڵدا کۆنگرەی حیزب دەبەستین پێش ئەوەی بگەینە ساڵی 2025."
مستەفا عەبدوڵڵا گوتی، لە سبەیەوە چەند لیژنەیەکی تایبەت بە ئامادەکارییەکانی کۆنگرە دەستبەکارەکانیان دەکەن. گوتیشی، تاوەکو ئێستا دیار نییە بۆ پۆستەکانی حیزبەکە کێ خۆی بەربژێر دەکات.
28 و 29ـی 11ـی ساڵی 2019 کۆنگرەی هەشتەمی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بەڕێوەچوو. تێیدا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین بە ئەمیندار و ئەندامانی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی حیزبەکە هەڵبژێردران.
بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی یەکگرتوو، حیزبەکە دەبێت چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردن بەڕێوەببات. لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی کۆنگرەوە مستەفا عەبدوڵڵا گوتی، "سەرکردایەتی مافی دواخستنی کۆنگرەی هەیە. ئێمەش بەهۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە ساڵێک کۆنگرەمان دواخست و دوای هەڵبژاردن دەستمان کردووە بە ئامادەکارییەکانی کۆنگرە."
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان حەوت کورسی بەدەستهێنا و رایگەیاند، لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا دەبنە ئۆپۆزیسیۆن و ناچنە نێو کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ