رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق شاندێکی ناردە هەورامان بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری وشکبوونی بەشێک لە دارە گوێزەکان؛ بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە دەڵێت، نەخۆشییەکە "مەترسیدارە" و لە رێگەی هەوا، ئاو و دەستلێدانەوە بۆ دارەکانی دیکە دەگوازرێتەوە.
رۆژی چوارشەممە 3ـی ئابی 2022، ستار مەحموود، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، یەکشەممەی رابردوو شاندێکی شارەزای بواری پاراستنی رووەك لە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق سەردانی ناوچەی ھەورامانیان كرد بە مەبەستی لێكۆڵینەوە و دیاریكردنی نەخۆشی دارگوێزەكانی ھەورامان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو.
نەخۆشییەکە نزیکەی 10 ساڵە لەنێو دارگوێزەکانی هەوراماندا بڵاوبووەتەوە؛ کشتوکاڵی هەڵەبجە ئامارێکی وردی وشکبوونی دارەکانی لەبەردەست نییە؛ بەڵام ستار مەحموود دەڵێت: "دەتوانین بڵێین سەتان دارگوێزی بەردار وشکبوون."
نەخۆشییەکە بە جۆرێکە کە کەڕوو لە قەدی دارەکە دەدات و رەشاییەک لە قەدەکەی دەهێنێتەدەرەوە و دواتر دەبێتە هۆی وشکبوونی دارەکە.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە دەڵێت: لە رابردوودا دوو جار هەڵمەتیان بۆ لەناوبردنی نەخۆشییەکە کردووە و نەخۆشییەکە بنەبڕ نەبووە. سەبارەت بە هۆکارەکەشی گوتی، بودجەی پێویستیان لەبەردەست نەبووە و جووتیارانیش وەکو پێویست هاوکارییان نەکردوون لە هەڵمەتەکەدا.
شاندەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق نموونەیان لە قەد و رەگ و گڵی ژێر دارە نەخۆشەکان بردووە بۆ پشکنین؛ ستار مەحموود گوتی، ئەو ئامێرانەی پشکنین لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هەن لە هەرێمی کوردستاندا نین.
گرفتی جووتیارانی ناوچەکە بەردەوامیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەیە؛ بەگوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە، نەخۆشییەکە لە رێگەی هەوا، ئاودان و دەستلێدانی جووتیارەکانیشەوە لە دارێکەوە بۆ دارێکی دیکە دەگوێزرێتەوە.
لە سنووری هەورامان لە پارێزگای هەڵەبجە، نزیکەی 90 هەزار داری بەریی گوێز هەن و بەرهەمەکەشیان لە کوردستان و ناوچەکەدا بەنێوبانگە.
ستار مەحموود ئاماژەی بەوەش کرد کە چاوەڕوانی راپۆرتی شاندەکەی عێراق دەکەن. گوتیشی: "هیوادارین لەگەڵ دیاریکردنی نەخۆشییەکەدا وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بتوانن بودجەیەکیش بۆ چارەسەریی وشکبوونی دارەکان تەرخانبکەن؛ ئەگەریش تەرخانیان نەکرد ئەوکات راپۆرتەکەی ئەوان و راپۆرتی خۆمان پێکەوە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکەین و داوای بودجەیەک بۆ چارەسەرکردنی دەکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ